وەزیری وزەی توركیا: ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوومانە زۆر گرینگە
رووداو- AA
وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی خاكی توركیاوە زیاترە لە رێككەوتننامەیەك و بە "بڕیارنامەیەكی گرینگ" وەسفی دەكات.
تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی خاكی توركیاوە بۆ بازارەكانی جیهان رایگەیاند: "ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوومانە، زیاترە لە رێككەوتننامە، بەڵكو بڕیارنامەیەكی زۆر گرینگەو زەمینە خۆش دەكات بۆ واژووكردنی چەندین پەیمانی دیكە".
یەڵدز گوتیشی: "كۆمپانیاكانی دۆزینەوەو هەناردەكردنی نەوت و غاز، دەتوانن لەو بوارەدا دەست بە دانوستاندن بكەن".
وەزیری وزەی توركیا لەبارەی نیگەرانییەكانی حكومەتی فیدراڵ لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، رایگەیاند نیگەرانیی حكومەتی فیدراڵ لەبارەی رێژەی هەناردەكردنی نەوت و چۆنێتی دەستنیشانكردنی نرخی ئەو نەوتەیەو گوتی "بۆیە ئێمە وەكو توركیا رەچاوی ئەو دوو تێبینییەی حكومەتی فیدراڵ دەكەین".
شەوی رابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، كە پێكهاتوون لە عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەت و د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان بەرەو توركیا بەڕێكەوتن و ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبوونەوە بەمەبەستی تاووتوێكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە.