راوێژكاری وەزیری وزەی توركیا لەبارەی واژووكردنی گرێبەستەكەی ئەمڕۆ دەدوێت


رووداو – هەولێر

بڕیارە هەرێمی كوردستان و توركیا گرێبەستێك لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە لەڕێی خاكی توركیاوە واژوو بكەن، بەڵام دیارنییە ئەو گرێبەستە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان واژوو دەكرێت یاخود نا.

شەوی رابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بەرەو توركیا بەڕێكەوتن و ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆببێتەوە بەمەبەستی تاووتوێكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە.

هەرچەندە پێشتر سەرچاوەی زانیارییەكانی رووداو رایگەیاندبوو كە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان ئەو گرێبەستە واژوو دەكەن، بەڵام راوێژكاری وەزیری وزەی توركیا بۆ (رووداو) گوتی "هێشتا واژووكردنی گرێبەستەكە دیارنییە كە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەكرێت یا نا، بەڵام لەوانەیە بكرێت و ئەگەری واژوونەكردنیشی هەیە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ".


درەنگانی شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی توركیاوە رایگەیاند، كە هەرێمی كوردستان پێش سەری ساڵی 2014 لە رێگەی توركیاوە نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات.


ئەو شاندەی یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەكەن، بریتین لە: عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەت ‌و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان.