وەزارەتی دارایی: سبەی مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی دووشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27.10.2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی دووشەممە، مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەست لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سبەی دووشەممە، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەری کێشەکانی لیستی مووچە سەردانی بەغدا دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو شاندەی وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی 10 لەسەر کاخەز لەگەڵ خۆی دەبات.
عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست بە رووداوی گوت: "هەرچەندە بڕیاربوو مامۆستایانی وانەبێژی پێشوو کە ئێستا کراون بە گرێبەست، مووچەی مانگی نۆ وەکو گرێبەست لەگەڵ مامۆستایانی دامەزراودا وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەریان نەگرتووە."
22ـی ئەم مانگە، مامۆستایانی دامەزراو لە وەزارەتی پەرەوەردە مووچەی مانگی نۆیان وەرگرت. کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت: "بڕیاربوو ئێمەش لەگەڵ مامۆستایانی دامەزراو مووچە وەربگرین، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەرماننەگرتووە".
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە.
بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان وەکو وانەبێژ نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینار بوو، بەڵام کە بڕیارە لە مانگی نۆوە وەکو گرێبەست مووچە وەربگرن، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 18 ملیار دینار دەبێت.