رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوەی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات "تەواو سیاسییە".
لە راگەیێندرێکدا بەناونیشانی "بۆ بەرچاوڕوونی هاونیشتمانییان و مووچەخۆران، وەک بەڵگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە"، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رێبار حەملان دەڵێت، ئەمڕۆ 549 ملیار و 572 ملیۆن دینار لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چاوەرێیی پارەدارکردنی تەواوی موچەخۆران بوو بۆ مانگی حەوت، نەوەک بەشێکی مانگی هەشت.
لە پەیامەکەیدا رێباز حەملان نووسیویەتی، "وەزارەتی دارایی هەرێم[ـی کوردستان] هێشتا لیستی مووچەی مانگی ئابی رەوانەی بەغدا نەکردووە. چۆن وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئابی ناردووە؟ کاتێک پرسیاریان لێکرا، گوتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی تەمموز ناردوومانە".
ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی مانگی ئاب "باشترین بەڵگەیە کە بەغدا ئەمەی بەرامبەر هەرێم[ی کوردستان] دەیکات تەواو سیاسییە و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێری و یاسایی نییە"، بە گوێرەی گوتەکانی رێباز حەملان.
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، تێبینیان لەسەر لیستی مووچەی مانگی حەوت هەبووە. رێباز حەملان دەپرسێت، "کە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتتان نارد بێ ئەوەی هێشتا هەرێم داوای کردبێت".
بڕیارە سبەی شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببێتەوە. یاریدەدەری سەرۆکوەزیران دەڵێت، کۆبوونەوەکان "بۆ بابەتی مووچەی مانگی حەوتن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ