لە چەند بانکێکی عێراق بە "فێڵ" دۆلار بە ناوی هاووڵاتییان وەرگیراوە و بەقاچاخ براوە

27-07-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن بانک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند هاووڵاتییەک بەبێ ئەوەی ئاگادار بن، کارتی ئەلیکترۆنیان بەناو دروستکراوە، لەو رێگەیەوە دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکەکان کڕدراوە و بە قاچاخ براوەتە دەرەوە. هەندێکیشیان بەرامبەر بڕێک پارە رێگەیان داوە بۆ ئەو کارە بەکاربهێندرێن، کە بەشێکیان خراونەتە لیستى رەشەوە. 
 
دەستگرتن بەسەر 65 کارتى پارەدانى ئەلیکترۆنى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا لە 30ـی ئادارى 2023، پەردەى لەسەر جۆرێکى دیکەى بەقاچاخبردنى دۆلار لادا بۆ دەرەوە، کە لە رێگەى ئەو جۆرە کارتەوە دەکرا و دەستبەسەرداگرتنى کارتى دیکەى لە فڕۆکەخانە و دەروازە وشکانییەکاندا بەدوادا هات.
 
چیرۆکى دەستپێکردنى ئەو جۆرە لە بەقاچاخبردنى دۆلار، لە 14ـی ئادارەوە دەستیپێکرد، کاتێک بانکى ناوەندى وەک گوژمەیەکى نوێى هەنگاوەکانى بۆ زیاتر خستنەڕووى دۆلار، بڕیاری دا لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنیى پارەدانەوە، دۆلار بە نرخى فەرمى بە هاووڵاتیان بفرۆشێت، کە بەهاکەى 1320 دینارە بەرامبەر بە یەک دۆلار.
 
پڕکردنەوە لە ناوەوە، راکێشان لە دەرەوە
 
دروستکردنى ئەو کارتە ئەلیکترۆنییەى پارەدان، پێویستى بە بەڵگەنامەى فەرمیى خاوەنەکەیەتى کە پاسپۆرت و کارتی نیشتیمانییە، لە رێگەى بانکێکى مۆڵەپێدراو لەلایەن بانکى ناوەندییەوە هەژمارێکى بانکى دەکاتەوە بۆ پڕکردنەوەى.
 
ئەو کارتە بۆ گەشتى دەرەکى یان کڕینى ئۆنلایین بەکاردەهێندرێت و رێگەنادرێت لە ئامێرەکانى راکێشانى پارە لە نێوخۆى عێراق دۆلارى پێ رابکێشرێت، ئەوەش دەرگاى لەبەردەم بە قاچاخبردنیدا کردەوە، بەوەى کە کارتەکە پڕبکرێت لە دۆلار و ببرێتەوە دەرەوەى عێراق و لەوێوە رابکێشرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "نابێت پارەى نێو ئەو کارتانە لە عێراق رابکێشرێت، بۆیە دەبرێتە دەرەوە و لە تورکیا یان ئیمارات یان هەر وڵاتێکى دیکە دۆلارەکەى نێوى رادەکێشرێت."
 
قۆناخى دووەمى بەقاچاخبردنەکە لەدواى بردنەدەرەوە و راکێشانى دۆلارەکە، چۆنیێتى وەرگرتنیێتى، کە بە دوو رێگە دەکرێت.
 
یەکەمیان ئەوەیە؛ کڕیارى دۆلارەکە لە رێگەى نووسینگەى نافەرمى حەواڵە و لە رێگەى نوێنەرییەوە لە عێراق پارە دەداتە فرۆشیارەکە بە نرخێک کە پێشتر لەسەری رێککەوتوون، بەجۆرێک ئەو نرخە لەنێوان نرخى فەرمیی بانکى ناوەندى و بازاڕدا بێت.
 
دووەم رێگە ئەوەیە؛ فرۆشیار لەبەرامبەر ئەو بردنەدەرەوەى دۆلارە، پاکێجێکى گەشتیارى پێشکێش دەکرێت، کە چەند رۆژێک لە دەرەوە دەمێنێتەوە و بڕێک پارەی بۆ خەرجى ئەو چەند رۆژە پێدەدرێت، بڕێک لە پارەی گەشتەکەشی لەلای کڕیار گلدەدرێتەوە بۆ دواى گەڕانەوە، کە بەگوێرەى ئەو دۆلارەى دەیباتە دەرەوە، قەبارەى سوودمەندبوونەکەشی دەگۆڕێت. 
 
کارت بەبێ ئاگادارى خاوەنەکەى 
 
بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوە لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنى پارەدانەوە "فێڵ"ـێکى دیکەى بەدواهاتووە، کە دروستکردنى ئەو کارتانەیە بە ناوى کەسانێک بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگادار بن، یان بەرامبەر بە بڕێک پارە بەڵگەنامە فەرمییەکانیان دەدەنە لایەنى سوودمەند بۆ ئەوەى لەبرى خۆیان، کارتەکە دروست بکەن و مامەڵەى دۆلارى پێوە بکەن، بەرامبەر بە زیاتر لە 50 هەزار دینار.
 
ئەو هەنگاوە یەکێک بووە لە هۆکارەکانى تۆمارکردنى 14 بانکى عێراقى لە لیستى رەشى مامەڵەکردن لەلایەن ئەمریکاوە کە چیدی رێگەیان پێنادرێت دۆلاریان پێ بفرۆشرێت.
 
جەمال کۆچەر دەڵێت، "بەشێک لە هاووڵاتییان خۆیان بە پارە بەڵگەنامەکانیان رادەستکردووە بۆ ئەوەى کارتى ئەلیکترۆنى پێ دروست بکرێت و، هەندێکیشیان ئاگادارى ئەوە نەبوون، کارتى ئەلیکترۆنى بەناویانەوە دروستکراوە." 
 
مامەڵەکە بەجۆرێکە، لە رێگەى ئەو کارتە ئەلیکترۆنییەوە دەتوانرێت تاوەکو 30 هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى پێ بکڕدرێت و ببرێتە دەرەوەى عێراق، وەک ئەوەى کەسى خاوەنى کارتەکە گەشتى دەرەوەى کردبێت.
 
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بانکى ناوەندى تواناى ئەوەى نییە چاودێرى هەموو کارتێکى ئەلیکترۆنى پارەدان بکات و بزانێت خاوەنەکەى گەشتى کردووە یان نا، کێشەکان ئەوەندە زۆرن بانکەکە ناتوانێت فریاى ئەوە بکەوێت رێگرى لە هەمووى بکات."
 
بەشێک لەو کەسانەى کارتى ئەلیکترۆنییان بە ناوەوە کراوەتەوە، بەمەبەستى بەقاچاخبردنى، لەلایەن بانکى ناوەندییەوە خراونەتە لیستى رەشەوە، کە چیدی ناتوانن بەمەبەستى گەشتکردن، دۆلار لە بانکى ناوەندى بکڕن.
 
خالید رێکانی، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەکەیان دوو کۆبوونەوەى لەسەر ئەو پرسە کردووە و دۆسیەکەش لە دەستەى دەستپاکییە.
 
خالید رێکانى گوتیشى "ئەگەر ئەو بڕە پارەیەى لەسەر کارتێکى پارەدانى ئەلیکترۆنى دادەنرێت زۆر بێت و، زوو دووبارە ببێتەوە، لەلایەن بانکى ناوەندیەوە پەیوەندى بە خاوەنی کارتەکەوە دەکرێت بۆ ئەوەى دڵنیاببنەوە لێى، ئەگەر نەتوانرا پەیوەندى پێوە بکرێت یان پاساوەکانى باوەڕپێکراو نەبوون و بەردەوامیش بوو لەو کارە، ئەو کەسە دەخرێتە لیستى رەش، ئەو بانکەش سزا دەدرێت، کە لە رێگەیەوە کارتەکەى دروست کردووە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە