ئیبراهیم بەحرلعلوم: سكاڵای بەغدا لەسەر پرۆسەی نەوتی كوردستان نەگونجاوە


رووداو –هەولێر

وەزیری پێشو‌وی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێ سكاڵاتۆماركردنی بەغدا لە دادگای نێودە‌وڵەتی لەسەر هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەگونجاوە و دەشڵێت "پێویستە هەناردەكردنی نەوت، تەنیا لە رێگەی سۆمۆ بێت".

د.ئیبراهیم بەحرلعلوم، وەزیری پێشو‌وی نەوتی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، پەنابردنی حكومەتی عێراق بۆ دادگای نێودەوڵەتی و سكاڵاكردن لەسەر توركیا و هەرێمی كوردستان لەسەر هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان "كارێكی نەگونجاوە". ئەو پێیباشبوو ئەو پرسە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەربكرێت "هەرچەندە كێشەیەكی ئاسان نییە".

وەزیری پێشو‌وی نەوتی عێراق، رایگەیاند پێویستە هەناردەكردنی نەوت، تەنیا لە رێگەی كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بێت، بەڵام لەبارەی دەسەڵاتەكانی سۆمۆوە، دەبێ هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن.

بەحرلعلوم گوتی "بڕینی مو‌وچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە كارێكی ناڕەوایە و نەدەبو‌و بەغدا پەنای بۆ ببات، بەڵكو دەبێت وەك چۆن سەیری ناوەڕاست و باشوور دەكات، بەهەمانشێوە سەیری هەرێمی كوردستان بكات و نابێ جیاوازی بكات".

وەزیری پێشو‌وی نەوتی عێراق دەڵێ "ئێمە لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووین، بۆیە پێویستە سەرجەم ناكۆكییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ تاوتوێ بكەین و بگەینە چارەسەرێكی گونجاو كە هەموولایەك بە پەسەندی بزانن".

بەبێ ئەوەی ناو بهێنێت، بەحرلعلوم، لایەنێكی بەدەست هەبوون لەو تەنگژەیەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق تۆمەتبار كرد و گوتی "لایەنێكی دەرەكی لە پشت ئەو قەیرانەیە".