ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و لەبارەی مووچە بڕیار دەدات

27-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیارێک سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەدات.
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە و هاونیشتمانیان چاوەڕوانی بڕیاری دابەشکردنی مووچەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکە کاژێر 11ی پێش نێوەڕۆ دەستپێدەکات و لە یەکێک لە بڕگەکانیدا دوایین پێشهاتەکان لەبارەی مووچە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییەوە بۆ ئەنجوومەنەکە دەخرێتەڕوو.
 
دوێنێ ئێوارە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا کە لە رێوڕەسمێکی بەربانگ لە هەولێر پێشکێشی کرد، گوتی، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیارێک لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دەدەن.
 
بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام مووچەی بەشێکی مووچەخۆرانی نەناردووە و بەو هۆکارەش تاوەکو ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە رانەگەیێندراوە.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، داوای 949 ملیار و 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە