سەرچاوەیەک بۆ رووداو: تەیف سامی بڕیاری ناردنی 760 ملیۆن دیناری مانگانەی بۆ هەرێمی کوردستان دا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا بڕێک پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12 خەرج بکات.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێ، "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-11-2024) کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، تێیدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندیی نیشانداوە بۆ ئەوەی بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12، بۆ هەر مانگێک 760 ملیار دینار خەرج بکات."
 
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە؛ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 9 ملیار دینارە، بەمەش کورتهێنان دروست دەبێت.
 
وەک سەرچاوەکەی رووداو باسی کرد، مەرجی ناردنی پارەکە ئەوەیە "هەرێمی کوردستان دەبێت داهاتی ناوخۆ رادەست بکات." لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی قەرزی داهاتی مانگەکانی 7، 8 و 9ـشی لەسەرە.
  
ئەمڕۆ 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 (ئەیلوول) تێدەپەڕێت و، هێشتا بەغدا مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە 3ـی 11ـەوە، واتا 24 رۆژە لیستی مووچەی ئەو مانگەی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە تاوەکو وردبینیی تێدا بکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لیستی مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.