بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە

رووداو هەولێر

دوو رۆژە بەراورد بە رۆژانی پێشتر بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 151 هەزار دینارە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 26ـی تشرینی یەکەم) حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهای دینار بەرزبووەوە، 100 دۆلار بە 151 هەزار و 450 دینار دەفرۆشرێت."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا 100 دۆلار بە 153 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار و 450 دینار.
 
حاجی سابیر گوتی، "دۆخەکە تا رادەیەک بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات، ئەگەر بارودۆخی سیاسی باش بێتەوە، هێرش نەکرێتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەهای دینار لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتریش بەرزدەبێتەوە."
 
چەند مانگێک بوو 100 دۆلار لە دەوروبەری 150 هەزار دینار جێگیر بوو، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوونەتە هۆی دابەزینی بەهای دینار.
 
حاجی سابیر باواجی دەڵێت، "بەهای تمەنی ئێرانیش بەرامبەر دۆلار 200 هەزار بەرزبووەتەوە، ئێستا 100 دۆلار بە 6 ملیۆن و 450 هەزار تمەنە."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 26-10-2024) سوپای ئیسرائیل ‌هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند پێگەیەکی نێو ئێران. دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێراندا."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران لە 1ی تشرینی یەکەم، نزیکەی 200 مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئیسرائیلەوە کرد، بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی جەنەڕالێکی خۆی، هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماسی فەلەستینی و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بکاتەوە.