نرخی زێڕ بەرزبووەوە و نەوتیش بە نزیکەی 90 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 90 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا، هەروەها نرخی زێڕ بەهۆی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی غەززە بەرزبووەوە.
پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بازرگانانی نیگەران کردووە لەوەی ئەگەر شەڕەکە زیاتر تەشەنە بکات، دەبێتە هۆی پچرانی دابینکردنی ئەو کاڵا ستراتیژییە.
نرخی نەوت بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26-10-2023) بە 89 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 2٪ بەرزبووەوە.
قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بەپێی کارگێڕیی زانیاری وزەی ئەمریکا، بە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە، ئەوەش رێگربوو لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت، سەرەڕای شەڕەکە.
شرۆڤەکارانی سەر بە سیتی بانکی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایانگەیاند "شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە هۆکاری ناجێگیریی بازاڕی نەوت، بەڵام بنەماکانی بازاڕ ئێستا لاوازن، بەهۆی کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتیژییە لە ئەمریکا."
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە، ئیسرائیل رازی بووە بەوەی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دوابخات بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەرفەتی زیاتریان لە دەستدا بێت بۆ ئامادەکاری و خۆڕزگارکردنیان لە هەر هەڕەشەیەکی لە ناکاو لە ناوچەکەدا.
سەرەڕای ئەوەش؛ داتا ئابوورییە لاوازەکانی جیهان، بەتایبەت داتاکانی پەیوەست بە چالاکیی ئابووری لە ئەوروپا، لاوازییان پێودیارە کە ئاسۆی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە چەند مانگی داهاتوودا تەمومژاوی دەکەن.
نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1990 دۆلار بەرزبووەوە
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 8 دۆلار بەرزبووەوە و بە 1989 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ بەهۆی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی غەززە، ماوەی دوو رۆژە هەر ئۆنسەیەکی لە 1960 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 1990 دۆلار.
ئەمڕۆ، ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا و بازاڕی کاری ئەو وڵاتە بڵاودەبنەوە و پێشبینی دەکرێت، کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ و بەهای بۆرسەکان دابنێن.
سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا لە قازانجی زێڕە، بەوپێیەی وەبەرهێنەر و بازرگانان پێیانوایە؛ هەر چەشنە سستییەک لە ئابووری ئەمریکا، بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە دادەبەزێنێت و، دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.