شایستەی وانەبێژان دوای بە گرێبەستکردنیان چی لێ دێت؟

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست. نوێنەرێکیان دەڵێ، تەواوی شایستەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
 
ئێستا مووچەی وانەبێژان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە، بەڵام ئەوانەی دیبلۆمی باڵایان هەیە 425 هەزار دینار وەردەگرن.
 
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای بەگرێبەستکردن مووچەکەیان لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دیناردا دەبێت.
 
وانەبێژ لە هەر قوتابخانەیەکدا وانە بڵێتەوە و مامۆستایەکی میلاک خۆی بگوازێتەوە ئەو قوتابخانە، راستەوخۆ وانەبێژەکە لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە، بەڵام دوای بەگرێبەستکردن بۆ گواستنەوە و مانەوە لە قوتابخانەدا یەک ئاست دەبن.
 
عەلی رەئووف دەڵێت، دوای گرێبەست بەشێکی زۆری مافەکانیان هاوشێوەی میلاکی لێ دێت، بەڵام جیاوازی لە مووچەیاندا دەبێت و پلەشیان بەرز ناکرێتەوە.
 
ئێستا هەر ژنێکی وانەبێژ مۆڵەتی دایکایەتی 21 رۆژە بە مووچەوە، دوای گرێبەستکردنیان پێش لە دایکبوون 21 رۆژ مۆڵەت و دوای لەدایکبوونیش 51 رۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت بە مووچەکەیەوە. هاوکات دەتوانێت داوای دوو مانگ مۆڵەتی دیکە بە نیو مووچە بکات.
 
دوای ئەوەی دەکرێن بە گرێبەست، هەر مامۆستایەک مافی دەبێت ساڵانە مانگێک مۆڵەت وەربگرێت بە مووچەی تەواوەوە.
 
خاڵێکی دیکە کە دوای گرێبەست بۆ وانەبێژان زیاد دەبێت، وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشییە هەشت رۆژ لە ساڵێکدا، لەکاتی پێویستیشدا بە راپۆرتی پزیکشی دەکرێتە 15 رۆژ.
 
هەر مامۆستایەک گرێبەستی بۆ بکرێت، ساڵانە دەتوانێت داوای مانگێک مۆڵەتی بێ مووچە بکات. هەروەها مامۆستایانی گرێبەست لە داهاتوودا مووچەیان لەگەڵ مووچەی وەزارەتی پەروەردەدا دابەش دەکرێت.
 
دوێنێ نوێنەرانی وانەبێژان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیری پەروەردە رایگەیاند، تەواوی وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست.
 
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، دەبێت لەماوەی هەفتەیەکدا وردبینی لە لیستی ناوی وانەبێژان بکرێت و بنێردرێتەوە وەزارەت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، 5ـی مانگی 9 دوایین رۆژە بۆ گەڕاندنەوەی لیستی ناوی وانەبێژان بۆ دیوانی وەزارەت.
 
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی وانەبێژان نزیکەی 38 هەزار کەسە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
 
ئەگەر وانەبێژان بکرێنە گرێبەست شایستە داراییەکانیان زیاتر دەبێت و مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 18 ملیار دیناریان دەبێت.