شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ رووداو: شەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەناچێت


ئامادەکردن: سۆران حوسێن 

رووداو دیجیتاڵ 
 
لەکاتێکدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، رۆژی شەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، سبەی کۆبوونەوەکە ناکرێت.
 
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، رۆژی هەینی 26ـی ئایاری 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا گوت، "سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام نادرێت و دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار." 
 
هاوکات شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هێشتا گفتوگۆ لەسەر مادەکانی بودجە لە لیژنەی دارایی کۆتایی نەهاتووە.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەبێ 48 کاژێر پێش کۆبوونەوە پەرلەمانتاران ئاگاداربکرێنەوە و بەرنامەی کار بخرێتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرنامەیەکی کار بڵاونەکراوەتەوە.
 
24ـی ئەم مانگە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کرد و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجە لە دوایین کارەکانیدایە؛ گوتیشی: "پەنابە خودا رۆژی شەممە پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە دەدات." 
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ دیاریکراوە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن و دینارە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەتی بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و بەتەواوەتی گۆڕی.
 
بەپێی گۆڕانکارییەکە دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، بەڵام مەرج نییە بۆ هەناردەکردن بێت، دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
 
رۆژی هەینی 26ـی ئایار، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جگە لەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکە نابێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ئەو گۆڕانکارییانە "لە لایەن چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان کراوە" و دەشڵێت، بڕیارەکان "نادەستوورین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە."