نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە سەرووی 2 هەزار دۆلار و نەوتی برێنتیش بە 81 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی پەیوەست بە متمانەی بەکاربەر لە ئەمریکا کە ئاشکرایان کرد متمانەی بەکاربەران لەو وڵاتە دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ سەرووی 2000 دۆلار. هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 81 دۆلار.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-04-2023، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا هەر ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ ئاستی 2001 دۆلار. جگە لە ئامارەکانی پەیوەست بە متمانەی بەکاربەران، سەرهەڵدانەوە مەترسییەکان لەسەر کەرتی بانکی ئەمریکا هەروەها بووە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی زێڕ.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "زێڕ بەرزبووەوە بۆ ئەو ئاستەی کە پڕ بە پێستی خۆیەتی، واتا سەرووی 2000 دۆلار."
مۆیا زیاتر روونیکردەوە کە مەترسییەکان لە سستبوونەوەی ئابووری و کێشەکانی کەرتی بانکی و دابەزینی داهاتی بانکەکان بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ کڕینی کانزای زەرد.
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ دابەزی بۆ ئاستی 1970 دۆلار دوای ئەوەی چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاسان ناچارن بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 81 دۆلار
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بەرزبووەوە. نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 39 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوو بە بڕی شەش ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل کەمیکردووە. ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
نرخی نەوت رۆژی سێشەممە بەڕێژەی 2٪ بەهای خۆی لەدەستدا دوای ئەوەی ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکا کە رۆژی رابردوو بڵاوبوونەوە، ئاماژەیان بەوە دا کە متمانەی بەکاربەر لە ئەمریکا دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە 9 مانگی رابردوودا.
ییپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری IG لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئامارەکانی پەیوەست بە متمانەی بەکاربەران لە ئەمریکا شۆکێکی لە بازاڕدا دروستکرد، بەوپێیەی کە هێمایەکە بۆ خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە."
نیگەرانی لە خاوبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا بازرگانانی نەوتی بەو بڕوایە گەیاندووە کە خواست لەلایەن ئەو وڵاتە لە درێژخایەندا کەمدەبێتەوە.