عێراق 400 ملیار دیناری دیکەی بۆ مووچە نارد

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری دیکەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد.
 
رۆژی یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەغدا 400 ملیار دیناری دیکەی بۆ مووچە ناردووە و گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان".
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتیشی، پارەکە گەیشتووە و بەسەر بانکەکاندا دابەشکراوە بۆ ئەوەی بدرێت مووچەی مووچەخۆران.
 
ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ مووچەی مانگی ئایارە، بە هەمان مەبەست 15ـی ئەم مانگە 400 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرابوو.
 
هەینی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، تاوەکو رۆژی 27-06-2023، واتا پێش جەژنی قوربان، مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران، مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە.