بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و ئێستا لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بە کەمتر لە 147 هەزار دینارە؛ شەش ملیۆن و 40 هەزار تمەنی ئێرانییش بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکییە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئادار حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهای دینار بەرزتر بووەتەوە و 100 دۆلار بە 146 هەزار و 450 دینار دەفرۆشرێت.
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 146 هەزار و 700 دینارە.
 
دوێنێ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا 100 دۆلار بە کەمتر لە 149 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، ئێوارەش کاتی داخستن هەر 100 دۆلار، هەزار دینار زیاتر دابەزی.
 
لەبارەی بەهای تمەنەوە، حاجی سابیر گوتی، ئەمڕۆ بە حەواڵە 100 دۆلار بەرامبەر شەش ملیۆن و 40 هەزار تمەنە.
 
رۆژی هەینی 22-03-2024 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-04-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و باسی چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن.
 
راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی بە هۆکارێكی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دادەنرێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە زیاتر لە 200  ملیۆن دۆلاری دەفرۆشێت، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەدات، بەڵام بۆ پێدانی دۆلار بەو نرخە مەرجی زۆرە و زۆرینەی پارەکەش بۆ حەواڵەیە و نایەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە.