سامانە سرووشتییەکان: بڕیاری دادگەی پاریس کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا نابێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕیارەکەی دادگەی پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا. دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا تاوەکو گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری بۆ کێشەکان.
 
ئەمڕۆ شەممە، 25-03-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا لەسەر داوای دادگەی پاریس، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا. لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار."
 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، عێراق هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان و کەرکووکی وەستاندووە، تورکیاش بە عێراقی راگەیاندووە، رێز لە بڕیاری دادگەی فەرەنسا دەگرێت و چیدیکە بێ رەزامەندیی بەغدا رێگە بە هیچ کەشتییەک نادات لە بەندەری جەیهانەوە نەوتی هەرێمی کوردستان بار بکات.  
 
هەر ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی پاریس کرد کە لە بەرژەوەندیی بەغدا بڕیاریدا بەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق لە بەندەری جەیهانەوە لە لایەن تورکیا، نایاساییە و دەڵێت، ئەم بڕیارە دەریدەخات کە "وەزارەتی نەوتی [عێراق] لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، تاکە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە." 
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدا بووە لەگەڵ حکومەتی عێراق و "دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لە دوای سەردانی سوودانیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کراوەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دژی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا، بڕیاری دەرکرد. بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی ‌هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات. 
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان باس لەوە دەکات کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا تاوەکو گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری."
 
شەوی هەینی 24-3-2023، میدیا جیهانییەکان ئاشکرایان کرد کە حکومەتی تورکیا بڕیاری دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراق راگەیاندووە و تێیدا گوتویەتی "دادگاکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە" هەروەها گوتوویەتی، "ئەنقەرە بڕیاری داوە چیدیکە بە بێ رەزامەندی و مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی فیدراڵی عێراق، رێگە بەو کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جیهانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێ بکەون".
 
لە مانگی شوباتی ساڵی 2022، دادگای فیدراڵی عێراق هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە  و سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە نادەستووری ناوبرد.
 
دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە؛ لە ساڵی 1923 دامەزراوە و 100 دادوەری هەیە و نوێنەرایەتیی 90 وڵات دەکات. دادگەکە چارەسەری کێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.