ئاڕتی بانک ئاڵوگۆڕی دراوی لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و بەغدا راگرت
رووداو دیجیتاڵ
ئاڵۆگۆڕکردنی دراو لە نووسینگەکانی ئیقلیمی بازرگانی (RT Bank) لە فڕۆكهخانەکانی سلێمانی و بەغدا بهشێوهیهكی كاتیی راگیرا.
شەممە 25-02-2023 بانکی ئیقلیمی بازرگانی RT Bank لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئاگاداری گهشتیاران دەکەین ئهمشهو پرۆسهی ئاڵوگۆڕی دراو له نووسینگەكانى بانكی ئیقلیمی بازرگانی (RT Bank) لەناو فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی سلێمانی و بەغدا بهشێوهیهكی كاتی رادهگیرێت".
فرۆشتنی 100 دۆلار لە لقەکانی ئارتی بانک بە گەشتیاران بە نرخی 132 هەزار دینارە و بەپێی مەرجەکان، هەر گەشتیارێک مانگی یەک جار دەتوانێت سوودمەند بێت لەو بڕیارە.
زیاتر لە دوو مانگە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکاندا ناجێگیرە، لە مانگی رابردوو بەهای 100 دۆلار تاوەکو سەرووی 175 هەزار بەرزبووەوە و بانکی ناوەندیی عێراقیش کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، یەکێک لەوانە، فرۆشتنی دۆلارە بە گەشتیاران بە نرخی بانکی ناوەندی.
بەپێی رێنماییە گومرگییەکانیش، گەشتیارانی تەمەن سەروو 18 ساڵ، تەنیا رێگەپێدراون کە بڕی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 هەزار دیناری عێراقی لەگەڵ خۆیاندا ببەنەدەرەوە. واتا: ئەگەر گەشتیارێک خۆی پێنج هەزار دۆلاری پێبێت، ناتوانێت حەوت هەزار دۆلار وەربگرێت و گەشت بکات.
RT بانک کە یەکێکە لە بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بە نرخی 132 هەزار دینار ناگۆڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی گەشتی وڵاتانی "سووریا، رووسیا، کۆریای باکوور، لیبیاو ئێران" دەکەن جگە لەوە ئەو گەشتیارانەشی سەردانی لوبنان دەکەن، تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە مەبەستی چارەسەریی و خوێندن گەشت دەکەن.