ئێران نەوت بە چا دەگۆڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران رازیبووە بە ئاڵوگۆڕکردنی نەوت بەرامبەر بە چا لەگەڵ سریلانکادا، ئەمەش وەک رێگەیەک بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی ئێران لەلای سریلانکا هەیەتی.
گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، عەلی رەزا بیمانباک، وەزیری بازرگانیی ئێران، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ناڤین دیسانایاکی، وەزیری پیشەسازیی کشتوکاڵی سریلانکادا واژۆکردووە و هەردوولا بە ئاڵوگۆڕی نەوت بە چا رازیبوون.
یاداشتەکە، ئاشکرایکردووە، کۆمپانیای 'سیلان پترۆلیۆم' کە نزیکەی 251 ملیۆن دۆلار قەرزاری ئێرانە، بۆ دانەوەی قەرزەکانی بە ئێران، پەنای بۆ وەزارەتی دارایی سریلانکا بردووە، وەزارەتی دارایی سریلانکاش مانگانە نزیکەی 5 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی چا دەدەنە ئێران و لە بەرامبەردا هیچ پارەیەک وەرناگرن.
راپۆرتەکەی فۆربس، ئاشکرایکردووە: "ئێران کاردەکات بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکانی ئاڵوگۆڕ، ئەمەش بۆ خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەری".
رێککەوتنەکە سوودی زۆر بە سریلانکا دەگەیێنێت کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دووچاری کێشەی قەرز و دراوی بیانی بووەوە بەهۆی داڕمانی کەرتی گەشتیاری لە وڵاتەکەدا.
پێشتر بەرپرسانی ئەنجوومەنی بازرگانیی چا لە سریلانکا، بیرۆکەی ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر بەچایان خستبووەڕوو. ئێران پێشتریش لە ساڵانی 2013 و 2014دا، نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی بە کاڵای رووسی گۆڕییەوە، کە بەهاکەی گەیشتە 1.5 ملیار دۆلار.
سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، تارانی قۆڵبەستکردووە لە بەدەستهێنانەوەی چەندین ملیار دۆلار قەرز، لە وڵاتانی جیاوازی دونیا و تاران بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو پارانە، پەنای بردووەتە بەر وەرگرتنی کەرەستەی جیاواز لە وڵاتانی قەرزدار، بەرامبەر ئەو نەوتەی پێشتر پێی فرۆشتوون.