نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەتەوە لە 76 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمڕۆ پێنجشەممە دیسان نرخی نەوتی بەرزکردەوە. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەوە. 
 
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 95 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش یەک دۆلار بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەچڕی بەردەوامە و ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
 
نرخی نەوت ئەم هەفتەیە بەڕێژەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەوپێیەش بەشێکی زۆر لە زیانەکانی هەفتەی پێشووتر کە بەڕێژەی 7٪ دابەزیبوو قەرەبووی کردووەتەوە.
 
پریانکا ساجێدڤا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فلیپ نۆڤا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "تێکەڵەیەک لە هۆکاری تەکنیکی لەگەڵ نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەمریکا و بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە."