دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لە یەک رۆژدا 11 ملیار دۆلاری لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لە یەک رۆژدا 11 ملیار دۆلاری لەدەستدا دوای ئەوەی نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکەی لە بازاڕەکانی ئەوروپا بە رێژەی 5٪ دابەزی.
بێرنارد ئارنوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لۆکژەری فەرەنسی LVMH لەگەڵ دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکەی لە ئەوروپا لەماوەی یەک رۆژدا بڕی 11 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی ترس لەنێو وەبەرهێنەران دروستبوو لەوەی سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا خواست لەسەر کاڵای ئاست بەرز کەمبکاتەوە.
سەرمایەدارە فەرەنسییەکە کە خاوەنی هەریەک لە براندەکانی Louis Vuitton, Tiffany و Co هەروەها Christian Diorـە، 5 مانگی یەکەمی 2023ـی بەبێ کێشە بەڕێکرد و سەرمایەکەی زۆر زیادی کرد.
لە ساڵی رابردووەوە بەهای پشکەکانی کۆمپانیا لۆکژەرییەکانی ئەوروپا وەکو کۆمپانیاکەی بێرنارد ئارنوو سەرەڕای بەرزی و نزمییە ئابوورییەکان رووی لە بەرزبوونەوە بوو، بەڵام ئەم هەفتەیە پێچەوانە بووەوە دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بازاڕی لۆکژەری لە ئەوروپا 30 ملیار دۆلاری لەدەستدا و کۆمپانیای LVMHـش 5٪ـی بەهای پشکەکانی لەدەستدا.
سەڕەڕای لەدەستدانی زیاتر لە 11 ملیار دۆلار، ئەم زەرەر و زیانە سەرمایەدارە فەرەنسییەکەی لە پلەی یەکەمی دەوڵەمەندترینەکانی جیهان نەهێنایە خوارەوە. بێرنارد بە جیاوازیێکی کەم لە پێش ئیلۆن مەسکی خاوەنی تێسلایە.
سەرەڕای زیانەکان، هێشتا سەرمایەدارە تەمەن 74 ساڵییەکە خاوەنی 192 ملیار دۆلارە و بە 12 ملیار دۆلار لە پێش ئیلۆن مەسکی خاوەن 180 ملیار دۆلارە.
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئارنوو بە ئاسوودەیی لێی پاڵ بکەوێت، چونکە ئیلۆن مەسکیش لە بەرزی و نزمیێکی هاوشێوەدا لە 2022 پلەی یەکەمی دەوڵەمەندترینەکانی جیهانی لەدەستدا دوای ئەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا دابەزین.