نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە نرخەکانی نەوت لەبەر نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان و رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا کە لە چین  جێبەجێدەکرێن دابەزین.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 24-5-2022 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت 61 سەنت دابەزی و بە 112 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 55 سەنت دابەزی و بە 109 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان کە لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، چەندین بەرپرسی باڵای جیهان لە نێوانیشیان کریستالینا جۆرجێڤا، سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو نیگەرانی خۆیان لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی جیهان دەربڕی و ئەوەش بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە کە ببێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت.
 
تۆشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانانی نەوت نیگەرانن لەوەی کە بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری نرخەکانی نەوت ببێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی بەکارهێنان."
 
هەرچەندە لە شانگهای حکومەتی چین رێوشوێنەکانی هاتووچۆی ئاسان کردووە، بەڵام لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا نیگەرانی دروستکردووە.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1854 دۆلار بەرزبووەوە
 
بەردەوامی دابەزینی بەهای دۆلار بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەوی نرخی زێڕ.
 
لە رۆژی دووشەممەوە بەهۆی بەردەوامیی دابەزینی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکەدا، نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا هەر ئۆنسە زێڕ 6 دۆلار و 50 سەنت بەرزبووە و بە 1854 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
جێفری هالی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند،" هێشتا بە تەواوەتی روون نییە کە ئایا بەهای زێڕ ئاراستەکەی بەرەو بەرزبوونەوە لە ماوەیەکی مامناوەندیدا گۆڕی بێت. ئەگەری هەیە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ تەنیا لەبەر دابەزینی بەهای دۆلار بێت."
 
ئەو شرۆڤەکارە رایگەیاند، بەهۆی ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا پێشبینی ناکرێت نرخەکانی زێڕ بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە.