هەناردە و داهاتی نەوتی كوردستان لە چوار مانگی رابردوودا كەمی كردووە
ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردە و داهاتی نەوتی كوردستان لە نێوان ساڵانی 2017 و 2018 گۆڕانكارییەكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێك ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان لە چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2018 بەراورد بە چوار مانگی یەكەمی 2017 بەڕێژەی 46% دابەزینی تۆمار كردووە، هەروەها داهاتی نەوتی هەناردەش بەڕێژەی 27.5% كەمی كردووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كانوونی یەكەمی 2016 بەدواوە هیچ راپۆرتێكی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردە و داهاتی نەوتی كوردستان بڵاونەكردووەتەوە، ئەویش دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت كرد بە مەبەستی وردبینی لە داهات و هەناردەی نەوتەكەی. كۆمپانیا بیانییەكە لە 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، یەكەمین راپۆرتی خۆی كە تایبەت بوو بە داهات و ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان لە شەش مانگی یەكەمی 2017، بڵاوكردەوە.
بەهۆی گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت لە دوو هەفتەی رابردوودا بەرزترین ئاستی لە ماوەی 24 مانگی رابردوودا تۆمار كرد، بە جۆرێك نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا بە 80 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، ئەمەش هەواڵێكی زۆر خۆش بوو بۆ ئەو وڵاتانەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، بەڵام پێناچێ بەرزبوونەوەی نرخ، كاریگەری زۆری لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان هەبێ، چونكە بە پشتبەستن بە داتاكانی تۆڕی كەشتیوانی جیهانی "تانكەر تراكەرز" و "كۆمپانیای دیلۆیت" و "لیژنەی وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق"، ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردە و داهاتی نەوتی كوردستان لەماوەی چوار مانگی رابردوودا بەراورد بە چوار مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو دابەزینێكی گەورەی تۆمار كردووە.
لێرەدا بە پشتبەستن بەناوەڕۆكی راپۆرتی شەش مانگی یەكەمی 2017ی كۆمپانیای دیلۆیت و ئامارەكانی ماڵپەڕی Tankertrackers، بەراوردێك لە نێوان ئاستی هەناردەی نەوت و هەروەها تێكڕای بەهای یەك بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی كوردستاندا دەكەین.
بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت، لە ماوەی چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2017دا بەرزترین ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان لە مانگی ئادار تۆمار كراوە كە 17 ملیۆن و 303 هەزار و 760 بەرمیل بووە، بە پێچەوانەوە كەمترین ئاستی هەناردەی نەوتیش لە مانگی نیسان بووە كە 14 ملیۆن و 866 هەزار و 084 بەرمیل بووە.
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2017 دوو ملیار و 805 ملیۆن و 815 هەزار و 516 دۆلار بووە، كە تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لەو چوار مانگەدا 42.54 بەرمیل بووە. بەڵام لە چوار مانگی ئەمساڵدا سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، داهاتی نەوتی كوردستان دابەزیوە بۆ دوو ملیار و 32 ملیۆن و 668 هەزار دۆلار. تێكڕای نرخی نەوت لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا 55.50 دۆلار بووە بۆ یەك بەرمیل.
هەناردەی نەوتی كوردستان لە چوار مانگی یەكەمی 2017دا 65 ملیۆن و 894 هەزار و 763 بەرمیل نەوت بووە، بەڵام لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا دابەزیوە بۆ 36 ملیۆن و 798هەزار و 112 بەرمیل. واتە بەڕێژەی 46% ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كەمی كردووە.
سەرەڕای ئەوەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گەڕاونەتەوە سەر سكەی قازانج، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە، چونكە پێشتر هەرێمی كوردستان تەنیا لە كێڵگەكانی كەركووك رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرد، بەڵام لەدوای پەلاماری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر شاری كەركووك، نەوتی شارەكە جارێكی دیكە كەوتەوە ژێر ركێفی حكومەتی عێراق.