بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 149 هەزار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەند بەراورد بە رۆژانی رابردوو بانکی ناوەندی فرۆشی دۆلاری بە نەختی کەم کردەوە، بەڵام بەهای دینار بەراورد بە هەفتەی پێشوو لە بەرزیدا ماوەتەوە.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 148 هەزار و 850 دینار دەفرۆشرێت.
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 148 هەزار و 900 دینار دەفرۆشرێت. پێنجشەممەی رابردوو 100 دۆلار بە 149 هەزار و 300 دینار دەفرۆشرا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 245 ملیۆن دۆلاری فرۆشت، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەدات. لەو بڕە، تەنیا 7 ملیۆن و 818 هەزار و 920 دۆلاری بە نەختی و ئەوی دیکە بۆ حەواڵە بووە.