وەزارەتی دارایی: دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بە ئەلیکترۆنی هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی سلێمانی کە زۆرترین مووچەی خانەنشینی پارێزگاکەیان لایە دەڵێت، بەهۆی چوونە بواری جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە ئێستا خانەنشین بە 43 چرکە دەتوانێت مووچەکەی وەربگرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داراییش دەڵێت، سیستمەکە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەش دەگرێتەوە.
رۆژی هەینی، 24ـی شوباتی 2023، شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم مانگە سیستمی ئەلیکترۆنی مووچەمان بۆ خانەنشینان کارپێکرد و ئاسانکارییەکی زۆری بۆ خانەنشینان کرد. دۆخەکە بە جۆرێکە نۆرەگرتن و قەرەباڵخی نەماوە و هەر خانەنشینێک بە 43 چرکە مووچەکەی وەردەگرێت".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 86 هەزار خانەنشینی مەدەنی هەن و بە گوتەی بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی، نزیکەی 50 هەزاریان خراونەتە سەر بانکەکەی ئەوان. گوتیشی: "بە خانەنشینی سەربازییەوە ژمارەی خانەنشینانی پارێزگای سلێمانی دەگاتە 146 هەزار خانەنشین. لە بەرنامەماندایە هەموویان بخرێنە سەر بانکی مەڵکەندی و بەشێوەی ئەلیکترۆنی بە کارت مووچەکانیان وەربگرن".
مانگی 11ـی ساڵی رابردوو لە سلێمانی وەکو تێست دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان تاقیکرایەوە، ئەم مانگە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و شۆخان عومەر دەڵێت: "زۆر سەرکەوتوو بووە".
لەبارەی پارێزگاکانی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ هەینی، هونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێدانی مووچە بەشێوازی ئەلیکترۆنی لە سلێمانی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لە هەولێریش کۆمپانیا لەسەر هێڵە بۆ گرێبەست و لە ماوەکانی داهاتوودا گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ دەکرێت".
لەبارەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی گوتی: "پاکێجەکەی پارێزگای سلێمانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش دەگرێتەوە؛ پاکێجەکەی پارێزگای هەولێریش کە خوێندنەوەی بۆ کراوە و کۆمپانیا لەسەر هێڵە بۆ گرێبەست واژۆکردن، پارێزگای دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆش دەگرێتەوە. ئامانجی ئێمە لە وەزارەتی دارایی ئەوەیە هەموو خانەنشینان مووچە بە سیستمی ئەلیکترۆنی وەربگرن".