پشک و پێشینە، نرخى نەوتى رادەستکراو ناکۆکیى نێوان هەولێر و بەغدان


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتى فیدراڵیی عێراق دەیەوێت داهاتى ئەو بڕە نەوتەى لە نێو بودجەدا هەرێمى کوردستان رادەستى دەکات، بە نرخى فرۆشتنى و تێچووى نەوتەکەى خۆى بێت کە جیاوازى لەنێوانیادا هەیە. ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشنیازێک هەیە رێژەى 14%ى پشکى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتەوە کارى پێ بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەى یاساى نەوت و گاز پەسند دەکرێت.
 
رۆژی 23ى شوباتى 2023، وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت و جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى وزە، سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەیەکى کردووە بە بەشدارى و چەند بەرپرسێکى دیکەى وەزارەتەکەى لەگەڵ شاندێکى دیکەى هەرێمى کوردستان، کە 23ى شوبات سەردانى بەغدایان کرد و تێیدا تاوتوێى پێداچوونەوەیان کردووە بە رەشنووسى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز.
 
ئەوە سێیەم جارە لەم مانگەدا شاندی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا بکات بۆ رێککەوتن لەبارەى دوو پرسی هەڵپەسێردراوى نێوانیان کە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان و پڕۆژەیاساى نەوت و گازە.
 
پێشنیازێکى نوێ بۆ رێککەوتن
 
شاندى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لە 19ى شوباتى 2023 لە بەغدا رێککەوتن بۆ پێکهێنانى لیژنەى هاوبەش لەبارەى پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق، کە لەساڵى 2007ەوە جێگەى ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغدایە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، پێشنیازێک هەیە بۆ تێپەڕاندنى بودجە کە جێگیرکردنى 14%ى پشکى هەرێمى کوردستان و رادەستکردنى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتە لە پڕۆژەیاساى بوجەى گشتى 2023، تاوەکو ئەو کاتەى یاساى نەوت و گاز پەسند دەکرێت و هەوڵدەدرێت ئەو پێشنیازە بکرێتە بەشێک لە ماددەکانى بودجە بۆ دەربازبوون لە دەرهاویشتەکانى دوو بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى لەبارەى "نادەستوورى"، یاساى نەوت و گازى پەرلەمانى کوردستان و نەناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومە فیدراڵییەوە.
 
لە 15ى شوباتی 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یاساى نەوت و گازى پەرلەمانى کوردستانى بە "نادەستوورى" لەقەڵەمدا، هەروەها لە بڕیارەکەیدا داوایکرد، کە هەرێمى کوردستان سەرجەم بەرهەمى نەوتى بەرهەمهێندراوى کێڵگەکانى نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات. 
 
رۆژی 25ـى کانوونى دوومى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق شەش بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى بە "نادەستوورى" لەقەڵەمدا، کە تایبەت بوون بە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان. بەگوێرەى ئە بڕیارانە کە لە سەردەمى دەسەڵاتى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق دەرکرابوون، بە چەند گوژمەیەکى 200 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان لە بوجەى گشتیى عێراق.
 
ئەو پێشنیازە لەکاتێکدایە کە لە ساڵى 2007 یەکەم رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە لایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان نێردرا، بەڵام بەهۆى ناکۆکییەکان لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەسەر ئەو پرسە رێککەوتن لەبارەیەوە نەکرا.
 
نەهرۆ مەحموود، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئێستا رەشنووسێکى پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە لیژنەکەیانە، کە لەساڵى 2011 ئامادەکراوە بەدەستکاریکردنى چەند بڕگەیەکى پڕۆژەیاساکەى ساڵى 2007.  
 
نرخى نەوت، کێشە سەرەکییەکە
 
یەکێک لەو کێشانەى دیکە، کە ئێستا لەسەر پرسی رادەستکردنى داهاتى نەوت لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵی هەیە، شێوازى پێوانەکردنى داهاتى ئەو نەوتەیە، کە بڕیارە هەرێمى کوردستان مانگانە رادەستى بەغداى بکات، ئەگەر لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 رێککەوتنى لەبارەوە کرا، کە 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە. 
 
حکومەتى فیدراڵیی عێراق داوا دەکات، داهاتى ئەو 250 هەزار بەرمیلە بە نرخى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە رادەست بکرێت، لەکاتێکدا نرخى تێچووى دەرهێنان و هەناردەکردن لەنێوانیان جیاوازە.
 
ئەو نەوتەى هەرێمى کوردستان هەناردەى دەکات هەر بەرمیلێکى لانیکەم سێ دۆلارى لەو نرخە کەمترە کە حکومەتى ناوەندى دەیفرۆشێت، ئەوە جگە لەوەى بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمپانیاى دیلۆیت بۆ وردبینى داهاتى نەوت، بڕى تێچووى دەرهێنان و گواستنەوە و دانەوەى قەرزى کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان نزیکەى نیوەى داهاتى نەوتەکەى دەبات. 
 
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەوە کێشەیە لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیى عێراق، لەکاتێکدا کە سوودى کۆمپانیاکان لە دەرهێنان و هەناردەى نەوت لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى یەک بۆ دوو دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، بەڵام بڕى تێچووى بەرهەمهێنان و هەناردە و گواستنەوەى نەوت لەهەرێمى کوردستان زیاترە." 
 
ئەو گرێبەستانەى کە وەزارەتى نەوت لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆیان دەکات لەجۆرى خزمەتگوزاریین، کە کۆمپانیاکان لەپاى دەرهێنان و هەناردەى نەوت بڕێک پارەى جێگیر وەردەگرن کە نەگۆڕە، لەکاتێکدا گرێبەستى کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان بەشداریکردنە، کە پشکیان لە بەرهەمهێنان هەناردەکردندا دەبێت.
 
پشک یان گوژمە؟ 
 
یەکێکی لەو کێشانەى دیکە کە چاوەڕواندەکرێت رووبەڕووى بەشی هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2023 ببێتەوە شێوازەکەیەتى، کە بە پشک دەبێت یان وەک پێشینە دەنێردرێت بۆ هەرێمى کوردستان.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "وەزارەتى پلاندانان رێژەى هەرێمى کوردستانى لەنێو بودجەدا بە 14% دیاریکردووە، لەکاتێکدا بەگوێرەى کورسى کورد لە پەرلەمان رێژەکە 17% دەبێت." 
 
لە ساڵى 2014ەوە، پشکى سەدى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتیى عێراق نەماوە، کە تاوەکو ئەو کاتە ساڵانە 17% بوو، لە ساڵانى دواتر بەگوێرەى رێککەوتنى کاتى بە گوژمە لە بەغداوە پارە دەنێردرا بۆ هەرێمى کوردستان کە بڕێک پارەى دیاریکراو بوو. 
 
جیاوازیى نێوان پشک و پێشینە ئەوەیە کە ئەگەر بودجەى هەرێمى کوردستان بە پشک بێت پابەندبوونى تێدایە بە چەند رێکارێک کە یاساى بەڕێوەبردنى دارایی ساڵى 2019 دەستنیشانی کردوون، لەوانە پێویستە بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن پەرلەمانەکەیەوە پەسند بکرێت و دواتر لەلایەن هەردوو وەزارەتى پلاندانان و دارایی عێراق راستاندنى بۆ بکرێت، بەر لەوەى ببێتە بەشێک لە بودجە.
 
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، ئەگەر بەشی هەرێمى کوردستان بە پشک بدرێت، دەبێت پابەندبوون هەبێت بە رێککارەکانى یاساى بەڕێوەبردنى دارایی و ئەگەر بەپێشینەش بیدرێتى، دەبێت وردەکارى خەرجکردنى پێشکێش بکرێت.
 
لە یاسای بودجەى گشتى 2021دا، پشکى هەرێمى کوردستان 11 ترلیۆن و 482 ملیار و 394 ملیۆن دینار بووە، بەڵام بەغدا لە ماوەى ئەو دوو ساڵەدا پێنج گوژمەى 200 ملیار دینارى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، کە بەتێکڕا پارەکەى دەکاتە یەک ترلیۆن دینار، کە کەمترە 10%ى ئەو پشکەى بۆى دیاریکراوە لە بودجەکەدا.