ساڵی رابردوو زیاتر لە 180 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە باکووری کوردستان و تورکیا فرۆشراون

25-01-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵی رابردوو زیاتر لە 180 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە باکووری کوردستان و تورکیا فرۆشراون، ئەوەش بەرزترین ژمارەی فرۆشی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بووە لە چەند ساڵی رابردوو لەو وڵاتەدا.
 
رۆژی هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025، دامەزراوەی ئاماری تورکیا TÜİK، ئاماری فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، پار 183 هەزار و 776 ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراون.
 
بۆ یەکەمجار ساڵی 2011 ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە بازاڕەکانی تورکیادا دەست بە فرۆشتنی کرا. لەو ساڵەدا تەنیا 24 ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشران.
 
فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەو وڵاتە ساڵ دوای ساڵ بەرزبووەوە و لە ساڵی 2021دا 6 هەزار و 267 ئۆتۆمبێل فرۆشران، لە ساڵی 2022دا ژمارەکە بۆ 14 هەزار و 552 ئۆتۆمبێل و لە ساڵی 2023 ژمارەکە بۆ 80 هەزار و 43 ئۆتۆمبێل بەرزبووەوە.
 
بەپێی ئاماری 2024ـی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، 16 ملیۆن و 232 هەزار و 458 ئۆتۆمبێل لەو وڵاتەدا هەن.
 
هاوکات خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرێد لە تورکیا و باکووری کوردستاندا بەرەو زیادبوون دەچێت. لە ساڵی 2020دا 33 هەزار و 690 ئۆتۆمبێلی هایبرێد هەبوون، بەڵام لە ساڵی 2024دا ژمارەکە گەیشتە 391 هەزار و 296 ئۆتۆمبێل. 
 
گرانبوونی نرخی سووتەمەنی هۆکارێکە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زیاتر روو لە ئۆتۆمبێلەکانی هایبرێد و تەواو کارەباییەکان بکەن. حکومەتی تورکیاش بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاربۆن و گازە زیانبەخشەکان، هانی هاووڵاتییان دەدات بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بکڕن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنتی دیکە بەرزبووەوە

نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 74 دۆلار

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ پێجشەممە یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 93 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەهەمان رێژە بەرزبووەوە بۆ 69 دۆلار و 79 سەنت.