وەزارەتی دارایی: سبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سبەی مووچەی مانگی 10ـی مامۆستایانی گرێبەست خەرج دەکرێت. نوێنەرێکی ئەو مامۆستایانە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نیوەی مامۆستایانی گرێبەست مووچەی دوو مانگی سەردەمی وانەبێژییان وەرنەگرتووە.
وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ دووشەممە 23-12-2024 راگەیێندراوەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "سبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت".
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 لە کاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک شایستەی دارایی سەردەمی وانەبێژیی مانگەکانی حەوت هەشت دابەش نەکراوە".
بە گوتەی عەلی رەئووف، "بڕیارە لە زووترین کاتدا شایستەی سەردەمیی وانەبێژیی ئەو مامۆستایانە دابەش بکرێت تاوەکو ئێستا دابەش نەکراوە".
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەفتەی رابردوو شایستەی دارایی وانەبێژان بۆ مانگەکانی حەوت و هەشت دابەشکرا.
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە.
وانەبێژانی پێشوو بڕیار بوو لە 01-09-2024 وەکو مامۆستای گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچە وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا مووچەی مانگی 9یان وەکو گرێبەست وەرگرتووە.