راپۆرتێکى هاوبەش لەبارەى تێبینییەکانى لیستى مووچە دەدرێتە تەیف سامى
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکى هاوبەشی هەولێر و بەغدا راپۆرتێک لەبارەى چارەسەرى تێبینییەکانى سەر لیستى مووچەى هەرێمى کوردستان رادەستى تەیف سامى، وەزیرى دارایی فیدراڵ دەکەن "کە دەبێتە بنەما بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى ئەمساڵ."
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، لیژنەیەکى هاوبەشی نێوان وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی عێراق، رۆژى 22ـی کانوونى یەکەمى 2024، راپۆرتێکیان لەبارەى تێبینییەکانى لیستى مووچەى فەرمانبەران رادەستى تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق کردووە.
کارى ئەو لیژنە تەکنیکییە لەسەر بنەماى کۆبوونەوەیەکى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی عێراق بوو لە 15ـی کانوونى یەکەم، کە بەگوێرەى بڕیارەکەی لەو کۆبوونەوەیە درا؛ دەبێت لە 10 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى ئەمڕۆ (دووشەممە، 23-12-2024) دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، لەو راپۆرتەدا باسی وردەکاریى چۆنیێتى چارەسەرکردنى تێبینییەکان کراوە، کە بەغدا لەسەر لیستى مووچە هەیبووە.
تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی تایبەت بوون بە راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوەى داهات و خەرجیی هەرێمى کوردستان و تۆمارى بایۆمەترى ئەو فەرمانبەرانەى ئەو هەنگاوەیان نەناوە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵ دوو گوژمەى پارەى بۆ مووچەى مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەمى هەرێمى کوردستان ناردووە، بەڵام بڕیارى کۆتایی لەبارەى ناردنى مووچەى مانگى کانوونى یەکەم نەدراوە کە گوژمەکەی 760 ملیار دینار دەبێت.
سەرچاوەیەکى بەرپرس و ئاگادار لەو پرسە بە رووداوى گوت "راپۆرتى لیژنە هاوبەشەکەى نێوان هەولێر و بەغدا مووچەى مانگى کانوونى یەکەم یەکلایی دەکاتەوە لەوەی کەى دەنێردرێت کە پێویستى بە بڕیارى خەرجکردنە لەلایەن وەزیرى دارایی عێراقەوە."
وەزارەتى دارایی عێراق گواستنەوەى بۆ 430 ملیار دینار کردووە لە چوارچێوەى پشکى هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى دوو مانگى هەرێمى کوردستان، بەڵام پارەکە نەنێردراوە.
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، سەرجەم رێکارەکان بۆ ناردنى ئەو 430 ملیار دینارە لە وەزارەتى داریی تەواو بوون و تەنیا ئەوەى ماوە پارەکە بخرێتە سەر هەژمارى بانکیى هەرێمى کوردستان و بڕیارە بەر لە سەرى ساڵ، ئەو هەنگاوە بنرێت.