لە 2016 بەدواوە نرخەکانی خانووبەرە لە ئەڵمانیا 50٪ بەرزبوونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی شوققەیەکی 3 ژووریی لە ناوەندی شاری فرانکفۆرت کە بە دڵی دارایی ئەڵمانیا هەژماردەکرێت و لەو ناوچەیەی کە خەڵکی فرانکفۆرت خۆیان بە "مەین هاتەن" دەیناسن، گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار.
 
کەرتی خانووبەرە لە ئەڵمانیا جموجۆڵێکی گەورەی تێکەوتووە. چەندین هۆکاری وەک کەمیی سوودی بانکی و بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکرێگرتن بەتایبەتی دوای چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، کاریگەرییان هەبووە لە بەرزکردنەوەی نرخەکان.
 
بەرزبوونەوەی نرخەکانی خانووبەرە لە شاری فرانکفۆرت بووەتە هۆکاری سەر‌هەڵدانی دەیان پرۆژەی نوێی نیشتەجێبوون لەو شارە.
نرخەکانی خانووبەرە لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 و تاوەکو ئێستا بەرێژەی 50٪ بەرزبوونەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی بانکی UBS، مەترسیی سەرهەڵدانی بڵقی نرخەکانی خانووبەرە لە شاری فرانکفۆرت زیاترە لە شارەکانی وەک هۆنگ کۆنگ، تۆرێنتۆ، نیۆیۆرک و شاری میونشن.
 
لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 نرخەکانی خانووبەرە لە ئەڵمانیا زیاتر لە نرخەکانی خانووبەرەی فەرەنسا و بەریتانیا بەرزبوونەتەوە. لە چارەکی دووەمی ساڵی 2021 نرخەکانی خانووبەرە لە ئەڵمانیا بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی 2020 بەرێژەی 10٪ بەرزبوونەتەوە.
 
خواست لەسەر خانووبەرەی شاری فرانکفۆرت بەتایبەتی بەرزبووەتەوە. بۆ نموونە کۆمپانیای بیمەی ئالیانز و سندووقی خانەنشینی فرانکفۆرت 1.6 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە لە پرۆژەیەکی خانووبەرە لە فرانکفۆرت کە لە 4 باڵاخانەی هەوربڕ پێکدێت.
 
ئەو پرۆژەیە کە هاوکات شوێنی نیشتەجێبوون و شوێنی بازرگانیش لەخۆ دەگرێت ناوکەی ( فۆر) یان چوارە کە شوققەیەکی دوو ژووری نرخەکەی نزیکەی 3 ملیۆن دۆلاری لەسەر دانراوە.
 
ئەو کۆمپانیایە کە سەرقاڵی پەرەپێدانی پرۆژەی فۆرە دەڵێت ئەوان هیچ بڵقێکی نرخەکان نابینن و شاری فرانکفۆرت یەکێکە لە شارە دەوڵەمەندەکانی ئەڵمانیا. 
 
بەبڕوای شارەزایان یەکێک لەو هۆکارانەی کە گەشەی بەرچاوی کەرتی خانووبەرەی لە ئەڵمانیا بەدواوە هاتووە، سوودی بانکیی ژێر سفرە لەو وڵاتە. لەبەر ئەوەش دانانی پارە لە بانکەکان سوودی ناڕواتەسەر، سەرمایەی وەبەرهێنەر و هاووڵاتیان بەشێکی زۆری چووەتە کەرتی خانووبەرە.
 
بەپێی ئامارەکان لەکاتێکدا کە لە ساڵی 2006 دا کەمتر کە 42٪ ی ئەڵمانییەکان خاوەن خانووی خۆیان بوون، بەڵام ئەو رێژەیە لە ساڵی 2018دا بەرزبووەوە بۆ 47٪.
 
بەپێی داتاکانی بۆندێس بانک،  لەماوەی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، قەرز وەرگرتن لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ کڕینی خانوو زیادیکردووە و بەرێژەی 6٪ بەرزبووەتەوە. لە کۆتایی ساڵی 2020 بەبڕی 1.45 تریلیۆن یۆرۆ قەرزی خانووبەرە وەرگیراوە.
 
سەرەڕای ئەوەش بانکەکە لە مانگی 11 ی ئەمساڵدا هۆشداریدا لە بڵقی خانووبەرە و پێیوایە نرخەکانی ئێستای بازار 30٪ زیاترن لە نرخی راستەقینەی خۆی.
 
هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی دۆیچە بانک دەریدەخات کە هاتنی ساڵانە 220 هەزار کۆچبەر پێویستە بۆ مانەوەو جێگیربوونی خواست بۆ خانووبەرە لە ئەڵمانیا. لەکاتێکدا بەر لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی کۆچبەران ساڵانە 400 هەزار کەس بووە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام ئەو رێژەیە ساڵی 2020 دابەزی بۆ 220 هەزار کەس.
 
جۆشێن مۆیبێرت لە دۆێچە بانک پێیوایە، نرخەکانی خانووبەرە لە ئەڵمانیا گەیشتوونەتە لووتکەی خۆیان. ئەو لێکۆڵەرە دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و ئەگەری کۆنترۆڵکردنی نرخەکانی کرێی لەلایەن حکومەتەوە، کاریگەریی زۆر لەسەر نرخی خانووبەرە و بازاڕی خانووبەرەی ئەڵمانیا دادەنێت و پێشبینیدەکات کە 2024 دا کەرتی خانووبەرەی ئەڵمانیا ئاراستەکەی لە بەرزبوونەوە بگۆڕێت بۆ سستبوونەوەو دابەزین.