نرخی زێڕ ئاستی 2700 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ ئاستی 2700 دۆلاری تێپەڕاند.
نرخی زێر لە کاتی داخستنی بازاڕ لە رۆژی هەینی ئۆنسەیەکی بە 2709 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
تووندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خواستی بۆ کڕینی زێڕ کە وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان چاوی لێدەکرێت، بەرزکردووەتەوە.
مەترسییە جیوسیاسییەکان لە بازاڕی زێڕدا هێندە زیادیانکردووە کە کاریگەریی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریان کەمکردووەتەوە.
ئالێکس ئیکبارییان، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای ئالێگایەنس گۆڵد لەوبارەیەوە رایگەیاند، "شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خەریکە دەبێتە شەڕی نێوان رووسیا و ئەمریکا."
نرخی زێڕ بە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی 5.7% بەرزبووەتەوە کە بەرزترین زیادبوونی هەفتانەی نرخی زێڕە لە دوای مانگی سێی ئەم ساڵەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی دەبوو نرخی زێڕی دابەزاندبایە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا کاریگەری فاکتەری جیوسیاسی لەسەر بازاڕی زێڕ هێندە زۆر بووە، تەنانەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش، نرخی زێر بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە.