نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 2000 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بۆ نزیکەی 2000 دۆلار بەرزبووەوە.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23-11-2023) بەڕێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە و بە 1997 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کێلڤن وۆنگ، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕەکان پێیانوایە بازنەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا تەواوبووە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا دابەزن لەئەنجامدا نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە."
ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان بەڕێژەی 1٪ دابەزیوە، ئەوەش بەرزبوونەوەی بەهای زێڕی لێکەتووەتەوە.
سەرەڕای ئەوە، لە ئەمریکا هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا بەڕێژەیەکی کەمتر لە پێشبینییەکان، دابەزیوە و ژمارەیەکی کەمتری خەڵکیش داوای بیمەی بێکارییان کردووە، ئەوانەش بەو مانایە دێن؛ هێشتا ئەگەری بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئارادایە.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سوودی بانکی بکات. لەبەرئەوەش پێشبینی ناکرێت نرخی زێڕ لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.