بە بەشداری 180 کۆمپانیا 13ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرایەوە

رووداو - سلێمانی 

ئەمڕۆ 13ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرایەوە، زیاتر لە 180 کۆمپانیا لە ھەشت وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان تێداکرد، بەڵام بەشی زۆری کۆمپانیاکان راستەوخۆ بەشدارنەبوون، بەڵکو لەڕێگەی لقی کۆمپانیاکانیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرھەمەکانیان خستەڕوو.

کۆچەر ئەنوەر، بازرگان دەڵێت: "ساڵانێکە لەپێشانگەکان دابڕاوین، بەڵام ئەمساڵ جموجوڵێکی باش دەبینین، بەڕێوەچوونێکی باش و سەرتایەکی باشە بۆ دەستپێکردنی کاری تازە، من وەک دابەشکاری کۆمپانیای ئیماراتی و مالیزی و تورکی بەرھەمەکانم خستووەتەڕوو".

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەھەنگاوێکی گرنگ دەبینێت بۆ پەڕینەوەی ھەرێمی کوردستان لە قۆناخی قەیرانەوە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان.

سیروان محەممەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە ساڵی رابردوو نەمنتوانی پێشانگەکە رێکبخەین، ئەمساڵ پێشانگەیەکی سەرکەوتوومان رێکخست، گەر بەراوردی بکەین بەو پێشانگەیانەی لە شارەکانی دیکە عێراق دەکرێتەوە، ئەم پێشانگە لەوەی ئەوان زۆر باشترە".

سەرکونسڵی ئێران ئامادەی  پێشانگەکە بوو، ھانی کۆمپانیای ئێرانییەکانی دەدا تاوەکو بەشدارییەکی کاریگەرییان ھەبێت، چونکە لەدوای گەمارۆکانی ئەمریکا، وڵاتەکەی لە رابردوو زیاتر پێویستی بە بازەڕەکانی ھەرێمی کوردستانە. 

سەعدوڵڵا مەسعودیان، سەرکونسڵی ئێران لە سلێمانی گوتی: "راستە ئێستا ئێران گەمارۆی ئابووری لەسەرە، گەمارۆیەکی نایاسایی، ئەمەش پەیوەندی راستەوخۆی لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، چونکە ئێمە زۆر پەیوەندیدارین بەیەکەوە، ئەمریکا دەیەوێت ھەنگاو ھەنگاو لەڕێگەی تورکیاوعێراقەوە گەمارۆکانی زیادبکات، بەڵام ئێمە دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە نابین بەتایبەت بواری ئابووری بەردەوام دەبین و نیگەران مەبن".

25 کۆمپانیای ئێرانی و شەش کۆمپانیای تورکی لە پێشانگەکەدا بەشدارن، زیاتر کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیاکانی ئەو دوو وڵاتەدا بوو بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانیان، ئەوە لەکاتێکدایە ئاڵوگۆڕی ساڵانەی ئێران دەگاتە شەش ملیار دۆلار و تورکیاش دەگاتە 10 ملیار دۆلار.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن