نرخی نەوت دابەزی؛ "بازاڕ ئاراستەی خۆی نازانێت"

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا و هەوڵەکانی پەیوەست بە ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابەزی.
 
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 31 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 32 سەنت دابەزی و بە 71 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
جیم رێتێر بووش لە کۆمپانیای راوێژکاریی (رێتێربووش) لە فلۆریدا، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخەکانی نەوت لە بازنەیەکی دیاریکراودا مامەڵەیان پێوەدەکرێت و ئێستا بازاڕ ئاراستەی خۆی نازانێت."
 
قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا یەک ملیۆن و 640 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی پێشبینییەکان دەبوایە 300 هەزار بەرمیل زیادی کردبایە.
 
ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
 
لە ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای کردووە دانوستان و وتووێژەکان بەردەوام بن بۆ زیاترکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست.
 
بانکی گۆڵدمان ساکس پێشبینیی کردووە، نرخەکانی نەوت لە ساڵی داهاتوودا لە نزیکەی 76 دۆلار مامەڵەیان پێوەبکرێت.