هێڵی ئاسمانی قەتەر بەنیازی کڕینی 10% ی هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەنە

رووداو- هەولێر

هێڵی ئاسمانی قەتەر پێشنیازێکی کردووە بە هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەن کە گەورەترین هێڵی ئاسمانی جیهانە ، بۆ ئەوەی سەدا 10 ی پشکەکانی ئەو هێڵە ئاسمانییە بە بەهای 808 ملیۆن دۆلار بکڕێت.


بەهۆی پێشنیازەکەی هێڵی ئاسمانی قەتەر، سەرەتا بەهای پشکەکای هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەن بەرێژەی سەدا 5 بەرزبووەوە، بەڵام لە دوایین مامەڵەکانی رۆژدا رێژەی بەرزبوونەوەکان دابەزی بۆ 1.1%.

هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەن پێشوازییەکی گەرمی لە پێشنیازەکەی هێڵە قەتەرییەکە نەکردووە.

دۆگ پارکەر لە نامەیەکدا بۆکارمەندانی دوای پێشنیازەکەی قەتەر رایگەیاند تووشی جۆش و خرۆش نەبووە کاتێک کە پێشنیازەکەی پێگەیشتووە.

قەتەر بەم دواییانە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو تێكچووە، دوای ئەوەی بەوە تۆمەتبارکرا کە یارمەتی گرووپە توندئاژۆکان دەدات. پێشنیازەکەی هێڵی ئاسمانی قەتەر ئاماژەیەکە بۆ پلانی ئەو کۆمپانیایە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانەکانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان