بودجەی ئەمساڵی عێراق 64 ترلیۆن دینار کورتهێنانی دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

بودجەی ئەمساڵی عێراق 64 ترلیۆن دینار کورتهێنانی دەبێت، 300 ملیار دینارى لە 2023 کەمترە، بەڵام ئەندامێکى لیژنەى دارایی پێشبینی دەکات بەهۆى "کێشەى نەختینە" ئەمساڵ کورتهێنانەکە روونەدات. 
 
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، خشتەى بودجەى 2024ـی پێگەیشت بۆ ئەوەى دەست بە ئامادەکردنى راپۆرت بکات لەبارەیەوە، بەرلەوەى دەنگى لەسەر بدرێت. 
   
کورتهێنان 300 ملیار دینار کەمترە
 
خشتەى بودجەى 2024 لە 19 ئایار لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێرقەوە پەسندکرا، 21ـی ئایار گەیشتە پەرلەمان.
 
خشتەى بودجەکە، خەرجیی ئەمساڵى بە 211 تریلیۆن و 861 مليار و 312 مليۆن و 504 هەزار دينار داناوە، لەکاتێکدا داهاتى پێشبینیکراو، 147 تریلیۆن و 836 هەزار و 655 ملیۆن و 889 هەزار دینارە، بەوپێیە بڕى کورتهێنانى بودجە دەگاتە 64 تریلیۆن دینار و، زیاتر لە 300 ملیار دینارى کەمترە لە ساڵى رابردوو. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەو کورتهێنانە خەمڵاندنە و مەرج نییە ئەو قەبارەیە بێت، بەتایبەتی کە نیوەى ساڵ رۆیشتووە و هیچ بڕە پارەیەک لە بودجەى وەبەرهێنان خەرج نەکراوە، بەهۆى ئاڵۆزیی رێوشوێنى گرێبەستەکان و کێشەى کەمیی نەختینە لە وەزارەتى دارایی." 
 
کورتهێنانى پێشبینیکراوى بودجەى 2023 گەیشتە 64.3 تریلیۆن دینار، بەڵام  جەمال کۆچەر دەڵێت "ساڵى رابردوو هیچ کورتهێنانێک رووینەداوە، لەبەرئەوەى لە 198 تریلیۆن دینارى پارەى بودجەى ساڵى 2023، تەنیا 144 تریلیۆن دینارى لێ خەرج کراوە، جگە لەوەش، یەک ترلیۆن و 571 ملیار دینارى بودجەى خەرجنەکراوى 2023، گوازراوەتەوە خشتەى بودجەى 2024."
 
بودجەى وەبەرهێنان دوو تریلیۆن دینار زیادیکردووە
 
زیاتر لە 55 تریلیۆن دینار بۆ بودجەى وەبەرهێنانى 2024 دیاریکراوە، لەکاتێکدا ساڵى 2023 بۆ هەمان مەبەست 53 تریلیۆن دینار لە بودجە تەرخانکرابوو. 
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو 55 تریلیۆن دینارە بۆ بودجەى وەبەرهێنان کەم نییە، ئەگەر خەرج بکرێت." 
 
بەگوێرەى خشتەى خەرجیى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ ساڵى 2023، لە کۆى زیاتر لە 53 تریلیۆن دینارى بودجەى وەرهێنان 24.1 تریلیۆن دینارى لێ خەرجکراوە، کە نیوەى پارەکە دەکات.
 
سۆران عومەر رێکارەکانى وەزارەتى دارایی بە هۆکارى خەرجنەکردنى تەواوى پارەى بودجەى وەبەرهێنان دەزانێت و گوتى: "تەنها لە بەسرە لە کۆى دوو تریلیۆن دینارى سەرجەم بودجەکەى بۆ ساڵى رابردوو، 800 ملیار دینارى لێ خەرجکراوە." 
 
زۆربەى بودجەى وەبەرهێنان، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەیە، لەکاتێکدا بەگوێرەى ئامارى فەرمیی حکومەتى عێراق، زیاتر لە 730 پڕۆژەى ساڵانی رابردوو تەواو نەکراون.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنگرەى رۆژنامەڤانى دواى پەسندکردنى ئەو خشتەیە، گوتى "حەوت تریلیۆن و 330 ملیار دینار ماوەتەوە، کە لە هەژمارى سپاردەى دارایی پارێزگاکاندایە و لەژێر دەسەڵاتى حکومەتە خۆجیێیەکاندایە بۆ ئەوەى پڕۆژەکانى پێ پارەدار بکرێت".