بەپێی خشتەکانی بودجە دەبێت هەولێر 1.1 تریلیۆن دینار قەرز بداتەوە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
پشکى خەرجیى وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە بودجەى 2024 بووەتە دوو ئەوەندەى پار، قەرزەکانیشی بووەتە نزیکەى سێ هێندە. پارەى مووچە زیاتر لە 250 ملیار دینار زیادیکردووە.
پشکى هەرێمى کوردستان لە خشتەى بودجەى 2024دا 20.9 تریلیۆن دینارە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، 4.4 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. زۆرترین زیادکردن لە بودجەى وەرهێنانە، کە لە 2.7 تریلیۆن دینارەوە بووەتە 4.8 تریلیۆن دینار.
بڕیار رەشید، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عیراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو زیادبوونە پەیوەستە بەو رێککەوتنانەى لە نێوان هەولێر و بەغدا کراون".
لە ساڵى 2023ـەوە حکومەتى فیدراڵیى عێراق تەنیا پارەى مووچەى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە بەبێ ئەوەى پشکى بودجەى وەبەرهێنان بنێرێت کە تایبەتە بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان. بڕیار رەشید گوتى: "ئەو زیادکردنە لە بودجەى وەبەرهێنان بۆ ئەوەیە کە بنێردرێت".
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى بەکاربردن بەراورد بە ساڵی رابردوو 1.5 تریلیۆن دینار زیادیکردووە، پشکى زیادکردنى پارەى مووچە 256.8 ملیار دینارە.
ئەندامەکەى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى ئەو زیادبوونە بۆ جێگیرکردنى پارەى مووچەخۆران دەگەڕێنێتەوە، کە لەسەر بنەماى بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى بووە بۆ بەجێکردنى مووچە.
پشکى هەرێمى کوردستان لە قەزریشدا زیادیکردووە و پێویستە بیداتە. لە بوجەى 2023دا بڕى قەرزەکانى 400 ملیار دینار بووە، لە بودجەى 2024 زیاردیکردووە بۆ یەک تریلیۆن و 116 ملیار دینار.
ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لەو قەرزەى هەر سێ بانکى تى بی ئاى، رافیدەین، رەشید لە 2023 بەقەرز بۆ هەرێمى کوردستانیان نارد، کە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بوو.
بەگوێرەى بڕیارى حکومەتى عێراق، ئەو قەرزە لە پشکى بودجەى 2024ـى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت.