وەزارەتی دارایی: بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب 243 ملیار دینار کورتهێنانمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو پارەیەى بەغدا بە ناوى تەواوکردنى مووچەى دوو مانگ ناردوویەتى، 243 ملیار دینار کورتهێنانى هەیە. بۆ تەواوکردنى مووچەى مانگى ئابی هەرێمى کوردستان، تاوەکو ئێستا بەغدا 755 ملیار دینارى ناردووە، بەڵام پارەى مووچەى فەرمانبەرانى پەرلەمان، وەزارەتى کارەبا و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.
هونەر جەمال، گوتەبێژى وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو پارەیەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ مووچە ناردوویەتى 243 ملیار دینار کورتهێنانى هەیە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـى ئەیلوول، وەزارەتى دارایی عێراق 572 ملیار دینارى خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب.
هونەر جەمال گوتى: "بە 183 ملیار دینار کە پێشتر نێردراوە لەگەڵ ئەو 572 ملیار دینارەى کە ئەمڕۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵى ناردوویەتى، بەتێکڕا 755 ملیار دینارى ناردووە".
مووچەى مانگێکى هەرێمى کوردستان بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانەوە زیاتر لە 998 ملیار دینارى پێویستە.
وەزارەتى دارایی عێراق بۆ هەردوو مانگەکانى تەممووز و ئاب یەک تریلیۆن و 181 ملیار دینارى بە ناوى مووچەى مانگى ئاب و بەشێک لە مووچەى تەممووز بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە.
لە دواى دابەشکردنى مووچەى مانگى تەممووز لەو پارەیە بە هاوتاکراوى مووچەى خانەنشیانەوە، 183 ملیار دینارى ماوەتەوە، بۆ تەواوکردنى مووچەى مانگێک دەبێت بەغدا 815 ملیار دینارى دیکە بنێرێت.
گوتەبێژى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رایگەیاند: "وەزارەتى دارایی فیدراڵ مووچەى چەند مانگێکى فەرمانبەرانى ناوچە کوردستانییەکان، کارەبا و پەرلەمانى نەناردووە و تەنیا مووچەى تەواو کارى ئەوانەى ناردووە کە بایۆمەترییان نەبووە و پێشتر بەغدا تێبینی لەسەریان هەبووە".
هونەر جەمال گوتى "لەسەر هێڵین لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرى ئەو پرسە و پڕکردنەوەى کورتهێنانەکە بۆ ئەوەى پارەى پێویست لەبەردەست بێت بۆ دابەشکردنى مووچەى سەرجەم مووچەخۆران".