نرخی زێڕ دابەزیوە و خواست لەسەری کەمبووە

رووداو - هەولێر
  
بەهۆی رووداوە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەم دواییە و راگرتنی گەشتی هەندێک لە هێڵەکانی فڕۆکەوانی بۆ باشووری کوردستان، لەمانگی حەوتی ئەمساڵدا رێژەی هاوردەکردنی زێڕ بۆ باشووری کوردستان بەبەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی سەدا 90 کەمیکردووە، نرخی زێڕیش دابەزیوە و خواست لەسەری لاواز بووە.

بەشێک لە زێڕینگەران دەڵێن فرۆشتن نەماوە و ئێستا هاونیشتمانیان زێڕەکانیان بە ئێمە دەفرۆشن، هەر ئەمەش وایکردووە سەرەڕای کەمیی هاوردەکردنی زێڕ، بەڵام لە بازاڕەکاندا بڕی زێڕ کەمی نەکردووە.

لە مانگی حەوتدا زێڕینگەرانی باشووری کوردستان 919 کیلۆ زێڕیان هاوردە کردووە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ کە نزیکەی 50 تۆن زێڕ هاوردە کرابوو ، ئەوا مانگی حەوت بە بەراورد بە هەر یەک لە مانگەکانی دیکە نزیکەی سەدا 90 هاوردە کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی راگرتنی هەردوو هێڵی فڕۆکەوانی ئیماراتی فڵای دوبەی و ئیماراتییە، چونکە باشووری کوردستان لە هاوردەکردنی زێڕدا پشت بە وڵاتانی تورکیاو ئیمارات دەبەستێت.

رووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی هەر وڵاتێک کاریگەریی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دەبێت،بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و باشووری کوردستان، تەنیا هاوردە کەمی نەکردووە، بەڵکو بازاڕی فرۆشتنی زێڕ لاواز بووە، چونکە خواست لەسەر زێڕ کەمیکردووە و نرخیشی دابەزیوە.

سەرەڕای کەمی هاوردە، بەڵام پێناچێت بڕی زێڕ لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان کەمبووبێتەوە، چونکە وەکو زێڕینگەران دەڵێن، رۆژانە هاونیشتمانیان دێنە لایان و زێڕیان پێدەفرۆشن.