کۆڕبەندی داڤۆس؛ دروستکردنی داهاتوویەکی هاوبەش لە جیهانێکی دابەشبوودا
رووداو - داڤۆس
ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گەورەترین کۆڕبەندی ئابووری جیهان بەردەوامن، داڤۆس چاوەڕوانی گەیشتنی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی زلهێزی جیهان دەکات.
هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو لە داڤۆس دەڵێت، لە کەشوهەوایەکی سارددا ئامادەکارییەکان بۆ 48ـەمین کۆڕبەندی ئابووری جیهان بەردەوامن، چاوەڕێدەکرێت کۆڕبەندی ئەمساڵ سەرنجڕاکێش بێت، چونکە ژمارەیەک سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی زلهێز بەشداردەبن، لەسەرووی هەموویانەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
کۆڕبەندەکە رۆژانی 23 تاوەکو 26ـی ئەم مانگە لە شاری داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت. بەگوتەی بەرپرسانی کۆڕبەندەکە، ئەمساڵ ریکۆردێکی نوێ لە ژمارەی بەشداری سەرۆکی وڵاتان، بەرپرسانی حکومی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا تۆمار دەکرێت. چاوەڕێدەکرێت نزیکەی سێ هەزار کەس لە زیاتر لە 100 وڵاتەوە بەشداری بکەن.
هەرچەندە ترەمپ ناوی لەنێو لیستی ئەو سەرۆکانەدایە بەشداری کۆڕبەندەکە دەکات، بەڵام بەگوتەی هێمن لهۆنی هێشتا بەشداریکردنی یەکلایی نەبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەینی رابردوو حکومەتی ئەمریکا بەهۆی پەسندنەکردنی بودجەوە شەتداون بوو یان لەکارکەوت.
درووشمی ئەمساڵی کۆڕبەندی داڤۆس "دروستکردنی داهاتوویەکی هاوبەشە لە جیهانێکی دابەشبوودا"، کە مەبەست لێی دابەشبوونی جیهانە لەنێوان بەرەی پۆپۆلیزم و لیبراڵ دیموکرات، ئەوەی یەکەمیان لە دۆناڵد ترەمپ-دا بەرجەستە دەبێ، دووەمیشیان هەریەک لە ئەنگێل مێرکڵ و ئیمانوێل ماکرۆن لە ئەڵمانیا و فەرەنساوە بە ئایکۆنی ئەو بەرەیە دادەنرێن.
لهۆنی ئاماژەبەوەشدەکات، درووشمەکەی کۆڕبەندی داڤۆس رەنگدانەوەی رووداو و دابەشبوونەکانی ئێستای جیهانە بەسەر بەرەی پۆپۆلیزم و بەرەی لبیبراڵ دیموکراتدا، لە کۆڕبەندەکەدا باس لە چۆنێتی دروستکردنی داهاتوویەکی هاوبەش لەم جیهانە دابەشبووەدا دەکرێت.
هێمن لهۆنی دەڵێت، لە کۆڕبەندەکەدا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت، لە جیهانێکی دابەشبوودا سەرۆکی وڵاتە زلهێزەکان و خاوەن ئابوورییە گەورەکان چۆن دڵنیایی بە سەرمایەداران، بازرگان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەدەن بتوانن وەبەرهێنان بکەن.
لەسەر ئاستی جیهان، چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان لە کۆڕبەندەکەدا بەشداردەبن؛ لەوانەش سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆککۆماری فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، شا عەبدوڵڵا، پاشای ئوردن، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیێندراوی داڤۆس ئەمساڵ 340 سەرکردەی سیاسی بەشداری کۆڕبەندەکە دەکەن. 10 سەرۆک وڵات لە ئەفریقاوە، نۆ سەرۆک و پاشا و میر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، شەش سەرۆک و سەرۆکوەزیرانیش لە ئەمریکای لاتینەوە بەشدارن.
جگە لە سەرۆک و سەرکردە سیاسییەکان، ژمارەیەکی زۆر کەسی پسپۆڕ لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس ئامادەدەبن، بەڵام وەک هەر ساڵێکی دیکە چاو لە سەر سەرکردەکان و گوتەکانیان دەبێت.
ئەو سەرۆک و سەرۆکوەزیرانانەی بڕیارە ئەمساڵ بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس بکەن:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
نارێندرا مۆندی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا
پاولۆ جێنتیلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا
جان کلاود-یەنکەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
ماریسیۆ مارسی، سەرۆکی ئەرجەنتین
میشل تێمەر، سەرۆکی بەرازیل
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس:
- سیستمی جیهانی لەسەر بنەمای رێککەوتن
- رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان
- کۆچبەران و تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگە
- قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی وزەی جیهان
- پاراستنی ئاسایشی ئینتەرنێت
- کۆتاییهێنان بە کۆیلەکردن و گێچەڵی سێکسی
داڕشتنەوە: حەکیم داود