شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی تیمی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داهاتی نێوخۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دێت و سبەی شاندێک دەچێتەوە بەغدا.
 
رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای ناردنی تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ هەولێر، تەواوی ئەو رێکارانەی بۆ رێکخستنەوەی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2024 ـەوەوە تاوەکو مانگی 11ی ئەم ساڵ مانگ بە مانگ وردبینی بۆ کرا، بەو شێوەیەی وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە.
 
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر لیستی مووچە و خەرجیی بەکاربردن و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆ هەولێر نێردراوە و ئەو پارەیەی لە هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرجکراوە بۆ پڕکردنەوەی مووچەی مانگانە هەمووی لە وردبینییەکەدا دیاریکراوە.
 
رێباز حەملان دەڵێت، کاری تیمی هاوبەشی هەردوو وەزارەتەکە ئەمڕۆ کۆتایی دێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "بڕیارە سبەی بەرێوەبەری گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و تیمی تەکنیکی وەزارەتەکە بێنە بەغدا بۆ بەدواداچوونی کارەکان. بە هەوڵی هەمووان بەرەو ئەوە دەرۆین کێشە تەکنیکییەکان کۆتاییان بێت".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی رێباز حەملان:
 
لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم لە 15-12-2024، بەڕێز وەزیری دارایی فیدراڵ بڕیاریدا تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەردانی هەولێر بکەن و لە ماوەی 10 رۆژدا بە هاوبەشی کاری پێکەوەیی بکەن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێم.
 
تەواوی ئەو رێکارانەی بۆ رێکخستنەوەی میزان مراجەعەی مانگانەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەکو مانگی 11ی ئەمساڵ مانگ بە مانگ تەدقیق کرایەوە و رێکخرایەوە بەو شێوەیەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوایکردبوو لەسەر لیستی موچە و خەرجی تەشغیلی و ئەو بڕە پارانەی کە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم نێردراوە و ئەو پارانەی لە هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ سەرفکراوە، بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی {کورتهێنانی} مووچەی مانگانە هەمووی دیاریکراوە.
 
بە دەستخۆشی زۆرەوە بۆ هەردوو تیمەکە (تیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و تیمی وەزارەتی دارایی هەرێم) پاش ماندووبونێکی زۆر کە شەو و رۆژ کاریان کرد، ئەمڕۆ کۆتایی بەکارەکانیان دەهێنن.
 
بریارە سبەی بەرێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی هەرێم و تیمی تەکنیکی وەزارەت بێنە بەغداد بۆ بەدواداچوونی کارەکان. بە هەوڵی هەمووان بەرەو ئەوە دەڕۆین کێشە هونەرییەکان کۆتایی پێ بێت.