دوای سێ رۆژ لە بەرزبوونەوەی، ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ دابەزی و کۆتاییهێنا بە بەرزبوونەوەکانی سێ رۆژی رابردووی خۆی.
 
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت 22 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 74 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواستی چین و زیادبوونی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بووەنەتە هۆکار بۆ دابەزینی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-12-2023)ـی نرخی نەوت.
 
لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، بەهۆی پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو.
 
سۆیۆشی ئۆینۆ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای ئێن ئێڵ ئای رێسێرچ، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "مەترسی بۆ هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان سنووردارە تاوەکو ئەو کاتەی گەرووی هورمووز سەلامەت بێت، کە رێڕەوەی گواستنەوەی نەوتی بەشێکی زۆری بەرهەمهێنەرە نەوتییەکانی کەنداوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە هەروەها دەڵێت، "فۆکەسی بازرگانانی نەوت گۆڕدراوە و ئێستا نیگەرانی زۆریی خستنەڕووی نەوت و کەمیی خواستن."
 
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەو وڵاتە 2.9 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووەوە، ئەوەش بووەتە هۆکارێکی بۆ دابەزینی ئەمڕۆی نرخی نەوت.