کورەک تیلیکۆم: پارەکەی بانکی رافیدەین بە ئۆتۆمبێلی ئێمە نەگوازراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاى کوەەک تیلیکۆم رەتیدەکاتەوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانى بەشداربووبێت لە گواستنەوەى بەشێک لە پارە "دزراوەکانى" هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى دەستەى گشتیى باجى عێراق، لە یەکێک لە لقەکانى بانکى رافیدەین لە بەغدا، وەک ئەوەى لە راپۆرتى لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکانى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراقدا هاتووە.
ئاراس توتنچى، گوتەبێژى کۆمپانیاى کورەک تیلیکۆم بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەکەینەوە و دوورن لە راستییەوە، کارى ئێمە دابینکردنى خزمەتگوزاریى تیلیکۆمە لە سەرانسەرى عێراق و بە هیچ شێوەیەک کارمان گواستنەوەى پارە نییە، ئۆتۆمبێلەکانمان لە بەغدا کارى کۆمپانیا جێبەجێ دەکەن و ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەى باسکراوە نەمانبووە و هەرگیز ئەو جۆرەمان بە کارنەهێناوە".
بەگوێرەى راپۆرتى لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکانى سەر بە لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق، بەشێک لەو 3.7 ترلیۆن دینارەى کە لە بانکى رافیدەین براوە، بە ئۆتۆمبێلێکى جۆرى لاندکرۆز گوێزراوەتەوە، کە گوایە سەر بە کۆمپانیاى کورڕەک تیلیکۆم بووە.
ئاراس توتنچى رایگەیاند، ئەو لیژنەیە بە شێوەیەکى فەرمى نووسراویان بۆ کۆمپانیاى کورەک تیلیکۆم ناردووە و ئەوانیش بە شێوەیەکى فەرمى وەڵامیان داونەتەوە و ئەو زانیارییەیان رەتکردووەتەوە. گوتیشى: "بە مافى خۆمانى دەزانین کە رێکارى یاسایی لە دژى ئەو لایەنانە بگرینەبەر کە دەستیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەى ئەو جۆرە پڕوپاگەندانە بەرامبەر بە کۆمپانیاکەمان".
پارەکەی بانکی رافیدەین کە 3.7 ترلیۆن دینار بوو لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باجى عێراق لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 تاوەکو ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە و "دزییەکەش" بە "دزیی سەدە" ناوى دەرکرد.
رۆژی 27ـى تشرینى دووەم، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق گەڕاندنەوەى بڕی یەکەمی "پارە دزراوەکە"ـى بانکى رافیدەینى راگەیاند، کە 182 ملیار دینار بوو لەلای نوور زوهێر بوو، خاوەنى دوو لەو کۆمپانیایەى پارەکەیان بردبوو و، 1.6 ترلیۆن دینارى ئەو هەژمارە بردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 8ـى کانوونى یەکەمى 2022، دادگەى لێکۆڵینەوەى دووەمى کەرخ لە بەغدا کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕێکی دیکە لە "پارەی دزراوى بانکى رافیدەین" گەڕێندراوەتەوە بۆ ئەو بانکە و بڕەکەی 134 ملیار و 455 ملیۆن و 600 هەزار دینارە.