"ئەگەر بەغدا 200 ملیارەکە نەنێرێت، دوای سەری ساڵ مووچە دابەشدەکرێت"


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە دەستیکەوتووە، ئەگەر حکومەتی عێراق 200 ملیار دیناری ئەم مانگە بنێرێت، 25ی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، ئەگەر نەشینێرێت، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە دوای سەری ساڵ.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەگەر حکومەتی عێراق ئەو 200 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت (کە محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندیی لەسەر داوە)، وەزارەتی دارایی لە رۆژی 25-12-2022 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم دەکات. لە ئەگەری نەناردنی ئەو بڕە پارەیەش، لە 2-4ی کانوونی دووەمی 2023 دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات. 
 
رۆژی 13-12-2022، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی داوە بە ناردنی بڕی 400 ملیار دینار وەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەریەکە لە مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2022. 
 
هەر لەو بارەوە، نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنی تایبەت بە ناردنی ئەو 200 ملیارە و زۆر پرسی دیکەش پێش پێکهێنانی حکومەت کراون، ئەوەش لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی، پارتی و هێزە شیعە و سوننەکان و لە بەرنامەی کاری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا جێگیر کراوە. 
 
نزار ئامێدی گوتیشی: "تاوەکو بودجەی ساڵی داهاتوو پەسند دەکرێ، مانگانە 200 ملیارەکە لە بەغداوە دەنێردرێت و بودجەش پەسندکرا، کار بەو رێککەوتنە دەکرێت کە پێشوەخت لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ بەغدا کردویانە لەسەر زۆری پرسی گرنگە کە یەکێکیان بودجەیە." 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە ئەنجامی دانوستانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا پشکی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو مانگی 11 و 12ی ئەمساڵ کە دەکاتە 400 ملیار دینار بنێرێت." 
 
 رۆژی 8-11-2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، خواستێکی جیدی لەلایەن هەردوولا و هێزە سیاسییەکانی وڵاتەوە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەسەر بنچینەی دەستوور.
 
پاش تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجە 2023 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارە رۆژی 7-1-2023 لەگەڵ تەواوبوونی پشووی پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتن ئەنجامبدرێت و تایبەت دەبێت بە پڕۆژەیاسای بودجە و دوای تاوتوێکردنیشی، دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
بودجەی گشتیی  2023ـی عێراق بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بڕیارە پشکی هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 14 ملیار دۆلار بێت کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە ملیارێک دۆلار.
 
لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن.