'هەژماری من': پارە خراوەتە سەر هەژمارەی ئەوانەی ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کراوەتە پشووی فەرمی، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت. بەرپرسێک لە پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت، ئەوانەی ئەمڕۆ ناویان لە خشتەی دابەشکردنی مووچەدا هەیە، پارە خراوەتە سەر هەژمارەکانیان.
بەرپرسێک لە تیمی 'هەژماری من' لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر مووچەخۆرێک بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەمڕۆ کاتی مووچە وەرگرتنی بێت و بەشدار بێت لە 'هەژماری من'، ئەمڕۆ لە هەر شارێکی هەرێمی کوردستان بێت پارە خراوەتەسەر هەژمارەکەی و دەتوانێت وەریبگرێت".
بەگوێرەی نوێترین داتای 'هەژماری من'، ئەم مانگە 153 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، ئەوەش 20 هەزار زیاترە لە مانگی پێشوو.
شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دووشەممە پشووی فەرمییە، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەپێی خشتەی راگەیێندراو بەردەوام دەبێت. دەوامی ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لەئەستۆدایە".
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مووچەخۆری ئەم شوێنانە مووچە وەردەگرن: دەستەکانی دەستپاکی، وەبەرهێنان، ژینگە و مافی مرۆڤ. دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، دیوانی چاودێری دارایی. وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، دارایی و ئابووری، تەندروستی.
ئەو 153 هەزار کەسەی ئەم مانگە لە رێگەی بانکییەوە مووچە وەردەگرن، 127 هەزاریان فەرمانبەری شارستانی و 26 هەزاریان پێشمەرگەن.
بەگوێرەی 'هەژماری من'، هەر مووچەخۆرێک لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادارکرایەوە کە پارە خراوەتەسەر هەژمارەکەی، دەتوانێت سەردانی نزیکترین ئامێری راکێشانی پارە بکات و مووچەکەی رابکێشێت.
تاوەکو ئەمڕۆ 219 ئامێری راکێشانی پارە کە بە (ATM) ناسراون لە 71 شوێنی جیادا لە هەرێمی کوردستان دانراون.