نرخی نەوت دوو هەفتەیە بەردەوام بەرزدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە نرخی نەوت رۆژی هەینی دابەزی، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا نرخی زێڕی رەش، بۆ دووەم هەفتەیە کە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەپێی شرۆڤەکاران بۆ کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی ئەمریکا و دابەزاندنی سوودی بانکی، لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی هەینی 39 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 74 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 3 سەنت دابەزی و بەرمیلێک بە 71 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئاماژەکان بۆ کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاو، رۆژی هەینی نرخی نەوتی دابەزاند، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوت بەڕێژەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
نرخی نەوتی برێنت لە رۆژی 10 ی ئەم مانگە دابەزی بۆ 69 دۆلار، کە کەمترین ئاستی لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا بوو.
 
ساکسۆ بانکی دانیمارکی لەبارەی نرخی نەوتەوە رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی وەها کەم تەنیا کاتێک مانادارە لە سستی ئابووری لە زۆربەی وڵاتەکاندا رووبدات، لەبەر ئەوەش نرخی نەوت لە رۆژی 10 ی مانگەوە بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە.