فەهیم عەبدوڵڵا: شەڕی تورکیا و پەکەکە 75٪ کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، شەڕی تورکیا و پەکەکە 75٪ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کەرتی گەشتیاریی پارێزگای دهۆک هەبووە.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە 21-08-2022 بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو دەڤەرانەی پەکەکە بنکە و بارەگای تێدا داناون و بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ، هەمووی دەڤەری کشتوکاڵی و بەپیتن. زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانیش دەکەونە ئەو دەڤەرانەوە. ئەو بەڵایەی تورکیا و پەکەکە هێناویانەتە هەرێمی کوردستانەوە، ئەگەر نەبووایە، ئەوا هەزاران دەرفەتی کار لەو گوندانەدا دەڕەخسان."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک گوتیشی: "بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە کردوومانە، شەڕی پەکەکە و تورکیا بە رێژەی زیاتر لە 75٪ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کەرتی گەشتیاریی پارێزگای دهۆک هەبووە."
فەهیم عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، زۆربەی ئەو گوندانەی چۆڵکراون دەکەونە سنووری قایمقامییەتەکانی زاخۆ، ئامێدی و ئاکرێ. دەشڵێت، ئەم ماوەیەی دوایی هەرچەندە لە دەڤەری مێوە و رێکان و دۆسکی شەڕی بووە، بەڵام هەست دەکرێت کە بێدەنگییەک لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا هەیە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئەوەی خستەڕوو، رێگریکردنی گەریلاکانی پەکەکە لە گوندنشینان بۆ ئەوەی نەهێڵن بچنەوە گوندەکانیان و کشتوکاڵ و باخداری بکەن، کارێکی تازە نییە و چەندین ساڵە وادەکەن. گوتیشی: "پەکەکە خاڵی پشکنینی داناوە و پاییزان کە گوندنشینان بۆ کشتوکاڵ دەگەڕێنەوە، باج لە خەڵک وەردەگرن."