تایوان هاوردەکردنی هێلکەی لە تورکیاوە راگرت


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تایوان بڕیاریدا هاوردەکردنی هێلکە لە تورکیا رابگرێت، ئەمەش بە گوتەی خۆیان، بە پاساوی ئەوەی هێلکەی تورکی مادەیەکی تێدایە، کە هۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
 
بەپێی هەواڵێک کە لەلایەن بڵاوکراوی نیمچە فەرمیی CNAـی تایوان بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان 12-18ـی تەممووزی ئەمساڵدا، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکاندا مادەیەکی شێرپەنجەیی بە ناوی "نایترۆفوران" لە پێنج وەجبەی هێلکەدا دۆزراوەتەوە کە لە تورکیاوە هاوردەکراون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی تایوان ئاماژەی بەوەداوە، سەرەتای مانگی تەممووز مادەی شێرپەنجەیان لە 127 تۆن هێلکەی هاوردەکراو لە تورکیاوە دەستنیشانکردووە و بەوهۆیەوە هاوردەکردنی هێلکە لە تورکیاوە راگیراوە و ئەو 127 تۆن هێلکەش لەناوبراوە.
 
لە ماوەی رابردوودا تایوان لە کێشەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و زیادبوونی تێچوون و ئەنفلۆنزای باڵندە، بڕیاری دا هێلکە و مریشک لە تورکیا، ئەمریکا و ئوسترالیا هاوردە بکات.
 
لین چین فو، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی تایوان رایگەیاند، هاوردەکارەکە سزا نادرێت، چونکە ئەو هێلکەیە لە چوارچێوەی پرۆگرامی حکومەت کڕدراوە، بەڵام دواتر چێن چی چۆنگ، وەزیری کشتوکاڵی تایوان گوتی، "حکومەت بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکە داوای قەرەبوو لە دابینکەرەکە دەکات".