نوێترین زانیاری لەبارەی خەرجکردنی مووچە


رووداو دیجیتاڵ 

پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیداوە لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە وەزارەتی دارایی پارەکە خەرج بکات. 
 
ئێستا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە، هەروەها رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەش بەهۆی سەرژمێرییەوە پشووە، بۆیە خەرجکردنی مووچەکە دەکەوێتە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو. 
 
هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق وردەکاریی گەشتەکەی تەیف سامی روون نەکردووەتەوە. رووداو زانیویەتی وەزیری دارایی ئەم هەفتەیە بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی نەکردووە. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغداوە رایگەیاند، "ئێستا کێشەی مووچەی مانگی 10 بەتەواویی چارەسەر بووە." 
 
لەبارەی مووچەی مانگەکانی 11 و 12، هەڵکەوت عەزیز گوتی، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە تاوەکو خەرج بکرێت، هەروەها رێککەوتنیش کراوە. تاوەکو ئەو کاتەش دەبێت ئەو کێشانەی لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق هەن، چارەسەر بکرێن. 
 
کێشەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لەبارەی بایۆمەترییە. دوایین مۆڵەتیش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کە 25ـی 12ـی 2024ـە.
 
کێشەیەک هەیە کە پەیوەندی بە نەمانی پارەوە هەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەردوو شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئەو پرسە لە گفتوگۆدان تاوەکو وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی بدات بۆ گواستنەوەی پارەو چارەسەرکردنی کێشەکە. 
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەوەی لە 25ـی 12 هەموو هەژمارەکان رادەگیرێن لە عێراق، مەترسییەکیش هەیە ئەگەر تاوەکو پێش ئەو وادەیە کێشەکە چارەسەر نەکرێت، ئەوا مووچەی مانگەکانی 11 و 12 ترسی زۆریان لەسەرە بفەوتێن.