بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەمساڵ زیاتر لە 350 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت 332 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرتووە و دوو کۆمپانیاش 35 بۆ 40 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە. دەشڵێت: "بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لەڕووی کوالێتیەوە لە ساڵانی پێشوو باشتر بووە." 
 
رۆژی سێشەممە 20-9-2022، رێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە لەلایەن محەممەد شێخ فاتیح-ەوە پێشکێش دەکرێت و رایگەیاند: "ئەمساڵ حکومەت بڕی 322 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوەتەوە." 
 
رێژین سدیق گوتی: "هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو لە نێوان 35 بۆ 40 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە، هاوکات جووتیاران بەشێک لە گەنمەکەیان بۆ بنەتۆو هەڵگرتووە و هەندێک لە جووتیارانیش گەنمەکانیان لە بازاڕ ساخکردووەتەوە." 
 
ئاماژەی بەوەش دا پێشتر کە بەتەنیا حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە گەنمی لە جووتیاران وەردەگرت، تەنیا کوالێتی فیزیایی گەنمەکەی کردبووە پێوەر بۆ وەرگرتن، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە کە دوو کۆمپانیای ئەهلیش گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرن، حکومەتیش ئێستا تا رادەیەک کوالێتی کیمیایی کردووە بە مەرج بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران. 
 
رێژین سدیق روونیدەکاتەوە: "ئەو مەرجە وایکردووە جووتیارانی ئێمە بیر لەوە بکەنەوە بنەتۆوی باشتر و بە کوالێتی بەرزتر بچێنن، ساڵی رابردوو هەموو هەولێر گەنمێک بەرهەم نەهاتبوو رێژەی پڕۆتینی 12٪بێت، بەڵام ئەمساڵ نزمترین رێژەی پڕۆتین لەناو گەنمی جووتیاران 11.5٪ بووە و هەتا 14٪یش رۆیشتووە." 
 
لە هەرێمی کوردستان 26 جۆر بنەتۆوی گەنمی تۆمارکراو هەن، کە سەرجەمیان بەرهەمهێنراوی وەزارەتی کشتوکاڵن. رێژین سدیق دەڵێت: "ئەو بنەتۆوانە لەڕووی کوالێتییەوە لە وشکەساڵیدا خۆڕاگرترن و رێژەی پڕۆتین تێیاندا بەرزە. لەگەڵ ئەوەشدا جووتیاران لە نێوان 10 بۆ 12 جۆر بنەتۆوی گەنم هاوردە دەکەن کە ساڵی ساڵی رابردوو 11 هەزار تۆنیان هاوردە کردبوو." 
 
ئەمساڵ حەوت هەزار تۆن بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت، رێژین سدیق دەڵێت: "تائێستا دیار نییە بە چەند دەدرێتە جووتیاران، رەنگە لە کۆتایی ئەم مانگە نرخەکە رابگەیێنین." 
 
ساڵی رابردوو، یەک تۆن بنەتۆوی گەنم بە 530 هەزار دینار دراوەتە جووتیاران، بەگوتەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ، "35٪ی تێچووی بەرهەمهێنانەکەی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی کرابوو، حکومەت بنەتۆی بە 630 هەزار دینار لە جووتیارانی بەرهەمهێنی بنەتۆ کڕییەوە و بەو نرخە بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان درا." 
 
لەبارەی ئەو بنەتۆوانەی ئەمساڵ حکومەت لە جووتیارانی بەرهەمهێنی بنەتۆوی گەنم کڕیوەتەوە، رێژین سدیق گوتی: "ئەمساڵ هەر تۆنێکمان بە 880 هەزار دینار کڕیوەتەوە؛ کۆتایی ئەم مانگە رایدەگەیێنین بە چەند دەیدەینە جووتیاران."