بانکى ناوەندیى عێراق لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵدا زیاتر لە 13 ملیار دۆلارى فرۆشتووە

رووداو دیجیتاڵ 

بانکى ناوەندیى عێراق لە سێ مانگى سەرەتاى ئەم ساڵدا زیاتر لە 13 ملیار دۆلار داهاتى نەوتى بە بازرگانان و گەشتیاران فرۆشتووە کە 64.4%ى تێکڕاى ئەو داهاتى نەوتە بووە لەو ماوەیەدا بۆ وەزارەتى دارایی گەڕاوەتەوە.
 
لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵدا بانکى ناوەندیى عێراق 13 ملیار و 391 ملیۆن و 206 هەزار و 804 دۆلارى فرۆشتووە کە مانگەکانى کانوونى دووەم، شوبات و ئادار دەگرێتەوە. 
 
فرۆشتنى ئەو دۆلارە بە نرخى فەرمى 1305 دینار بووە بە گەشتیاران و بازرگانان. ئەو مامەڵەیە لە رێگەى سەکۆى فەرمییەوە بووە، دواى وردبینیکردن لە داواکارییەکان و رەزامەندیدان لەبارەیەوە.
 
لەو سێ مانگەدا بانکى ناوەندیى عێراق 61 رۆژ دۆلارى خستووەتەڕوو و تێکڕاى فرۆشى رۆژانەى دۆلار لەو ماوەیەدا 219.5 ملیۆن دۆلار بووە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەشی زۆری ئەو پارەیەى لە داهاتى نەوت دەگەڕێتەوە، لەلایەن وەزارەتى داراییەوە دەدرێتە بانکى ناوەندی بۆ ئەوەى لە رێگەى فرۆشتنیەوە بیکاتە دینار". 
 
سۆران عومەر گوتى: "زیادەى فرۆشى نەوت دەکرێتە یەدەگى بانکى ناوەندی لە دراو و قەواڵەى دارایی و زێڕ؛ بەشێکیشی کورتهێنانى بودجەى پێ پڕدەکرێتەوە".
 
زۆرترین فرۆشى دۆلار لەو سێ مانگەدا لە ئاداردا بووە. لەو مانگەدا زیاتر لە چوار ملیار و 649 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە؛ کەمترینیشى لە شوباتدا بووە کە نزیکەى چوار ملیار و 499 ملیۆن دۆلار بووە.
 
بە گوێرەى خشتەى بودجەى 2024، عێراق پێویستى بە زیاتر لە 120 تریلیۆن دینار داهاتى نەوتە. تاوەکو کۆتایی مانگى ئادار داهاتى ئەو کەرتە 27.6 تریلیۆن دینارە بووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەدا ئەو بڕە دۆلارەى لە داهاتى نەوت فرۆشراوە 17.4 تریلیۆن دینار بووە؛ بەو پێیە 64.4%ى داهاتى نەوت لە رێگەى بانکى ناوەندیی عێراقەوە فرۆشراوە.
 
ئەو پارەیەى بانکى ناوەندیی عێراق لە رێگەى فرۆشتنى دۆلارەوە دەیکاتە دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەتى دارایی بۆ ئەوەى پارەدارى بودجەى پێ بکات کە بۆ ئەمساڵ نزیکەى 211  تریلیۆن دینارە.
 
سۆران عومەر رایگەیاند، پارێزگارى بانکى ناوەندى پێى گوتوون کە وەزارەتى دارایی کێشەى کەمى نەختینەى نییە و ئێستا نەختینە زیاتر لە 43 تریلیۆن دینارە کە لەلایەن ئەو وەزارەتەوە بەشێوەیەکى بەردەوام مامەڵەى پێدەکرێت وەک دراوى جووڵاو.